مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 نزیکەی 80 هەزار دینار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەڕی ئێرانەوە، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 نزیکەی 300 هەزار دینار دابەزی.
ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ نرخی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 9 بە 390 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 12 بە 520 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 14 بە 606 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 782 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 910 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 955 هەزار دینارە.
بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە، نرخەکان بەم شێوەیە دابەزیون:
نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 9 بە بڕی 32 هەزار دینار دابەزیوە.
نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 12 بە بڕی 43 هەزار دینار دابەزیوە.
نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 14 بە بڕی 51 هەزار دینار دابەزیوە.
نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە بڕی 63 هەزار دینار دابەزیوە.
نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە بڕی 76 هەزار دینار دابەزیوە.
نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە بڕی 77 هەزار دینار دابەزیوە.
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی کرانەوەی بازاڕەکانی جیهانە لەم هەفتەیەدا و نرخی زێڕ زۆر ناجێگیرە.
تەنیا لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 320 دۆلار یان 7٪ دابەزیوە و بە 4162 دۆلارە.
لە یەک هەفتەی رابردوودا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 900 دۆلار دابەزیوە؛ ئێستاش لە نزمترین ئاستە لە چوار مانگی رابردوودا.
نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21ـیش لە یەک هەفتەی رابردوودا 165 هەزار دینار دابەزیوە. دوایین جار نرخەکەی لەم ئاستەدا بینرابێت، رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بوو.
پێش شەڕی ئێران، مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 180 هەزار دینار بوو.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی کانزاکانە، بەو پێیەی ترسی زیادبوونی هەڵاوسانی دروستکردووە.
زیادبوونی هەڵاوسان، بانکە ناوەندییەکانی جیهان، بەتایبەتیش ئەمریکا ناچار دەکات رێژەی سوود بەرزبکەنەوە یان لانیکەم لە ئاستەکانی ئێستا کەمتری نەکەنەوە، ئەمەش خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکان سنووردار دەکات و نرخەکەی بەرزدەکاتەوە، لە بەرامبەردا کانزاکان دادەبەزن.
هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی وزەی تاران هۆکارێکی دیکەیە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی کانزاکانی قووڵتر کردووەتەوە.