نەوتی کەرکووک 6%ی هەناردەی پێشووە؛ "داخستنی هورمز رۆژانە 340 ملیۆن دۆلار زیانی بۆ عێراق هەیە"
رووداو دیجیتاڵ
لە 5 رۆژی هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، رۆژانە تێکڕا 250 هەزار بەرمیل هەناردە کراوە. نەوتی بەسرە بۆ قەرەبووی نەوتی کەرکووک بۆ پاڵاوگەی بێجی دەنێردرێت. بە گوتەی رێکخراوی ئیکۆ عێراق، داخستنی تەنگەی هورمز بە نرخی ئێستای نەوت، رۆژانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار زیان بە عێراق دەگەیێنێت، لەکاتێکدا هەناردەی رۆژانەی نەوت لە کەرکووکەوە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبێت.
250 هەزار بەرمیلی کەرکووک دەگاتە بەندەری جەیهان
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە دەستی کەوتووە، لە 18ی ئادارەوە کە هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردووەتەوە، رۆژانە تێکڕا 250 هەزار بەرمیل نەوت دەگاتە کۆگاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە بەندەری جەیهان لە تورکیا بە مەبەستی فرۆشتنی.
پەنابردن بۆ بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە لە 28ـی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە راگیرا.
نەوتی کەرکووک لە کێڵگەکانی بای حەسەن، خەباز، جەمبوور و کەرکووک بەرهەم دەهێندرێت، کە رۆژانە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل دەبێت. بەشێکی دەنێردرێت بۆ پاڵاوگەی بێجی، 10 بۆ 15 هەزار بەرمیلی بە تەنکەر هەناردەی ئوردن دەکرێت، ئەوی دیکەشی پێش دەستپێکردنەوەی هەناردە لە رێگەی تورکیاوە، لە کۆگاکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور هەڵدەگیرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوت، "بەر لە دەستپێکردنی هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، رۆژانە زیاتر لە 140 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێندراوی کەرکووک دەنێردرا بۆ پاڵاوگەی بێجی کە رۆژانە پێویستی بە پاڵاوتنی 225 هەزار بەرمیل نەوت بوو، ئەو 85 هەزار بەرمیلەی دیکە لە بەسرەوە بۆى دەنێردرا. دوای هەناردەکردنی زۆربەی نەوتی کەرکووک، ئێستا رۆژانە زیاتر لە 140 هەزار بەرمیل نەوت لە بەسرەوە رەوانەی پاڵاوگەکە دەکرێ بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانە لە نەوتی پێویستی وێستگەکە."
بەگوێرەی راپۆرتی خەرجی و داهاتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ ساڵی رابردوو، داهات 124.1 تریلیۆن دینار بووە کە 88%ى داهاتی نەوت بووە.
عەلی ناجی، بەڕێوەبەری روانگەی ئیکۆ عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی جەنگ و داخستنی تەنگەی هورمز و بەپێى نرخی ئێستای نەوت، عێراق رۆژانە 340 ملیۆن دۆلار لەدەست دەدات کە نەوتی خاو و چڕکراوە گازییەکان دەگرێتەوە کە پێشتر لە بەندەرەکانی بەسرەوە هەناردە دەکران."
دووشەممە 23ی ئاداری 2026، نرخی نەوتی برێنت 107 دۆلار بوو، لەکاتێکدا پێش دەستپێکردنی جەنگ لە 27ـی شوبات، نرخی نەوتی تێکساس تەنیا 67.02 دۆلار بوو.
عەلی ناجی گوتى، "بەر لە جەنگ، داهاتی عێراق لە هەناردەی نەوتی خاو و چڕکراوە گازییەکان دەگەیشتە 200 ملیۆن دۆلار"
بەر لە جەنگ، عێراق رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، ئێستا تەنیا لە رێگەی تورکیاوە نەوتەکەى هەناردە دەکات.
بەڕێوەبەری روانگەی ئیکۆ عێراق دەڵێت، "ئەو نەوتەی کەرکووک کە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی تورکیا دەکرێ، 6%ى ئەو نەوتەیە کە بەر لە جەنگ عێراق هەناردەی دەکرد و داهاتی رۆژانەی نزیکەی 25 ملیۆن دۆلارە."