کپلەر: مانگی رابردوو ئێران 65 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی شیکاریی نەوت لە کۆمپانیای کپلەر دەڵێت، لەدوای ئاگربەستەوە هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە 400 بۆ 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە. 
 
سەرچاوە ئەمنییە دەریاییەکان و دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) دەڵێن، رۆژی چوارشەممە سێ کەشتیی گواستنەوە لە تەنگەی هورمز تەقەیان لێکراوە. 
 
هۆمایون فەلەکشاهی، بەرپرسی شیکاریی نەوتی خاو لە کۆمپانیای کپلەر بۆ چاودێریی کەشتیوانی و وزە رایگەیاند، "هێرشەکە شتێکی نوێ نییە؛ چەند رۆژێک پێش ئێستاش هێرشمان بینی بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە نەوتی عێراقی لە بەسرەوە دەگواستەوە. بۆیە پێموایە ئەمە تەنیا ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا کەشتیی زۆر کەم بە تەنگەی هورمز تێپەڕیون."
 
فەلەکشاهی گوتیشی: "لە چەند رۆژی رابردوودا، بە تێکڕا تەنیا یەک یان دوو کەشتیی نەوتهەڵگرمان بینیوە کە کەنداویان جێهێشتووە. ئەم ژمارەیەش لە کۆتایی هەفتەوە [شەممە و یەکشەممەی ئەم هەفتەیە] بە نزیکەیی بووەتە سفر."
 
سەبارەت بە گەمارۆکانی ئەمریکا، فەلەکشاهی دەڵێت: "گەمارۆی ئەمریکا لەسەر نەوتی ئێران سەرکەوتوو بووە، چونکە ئێران چیدیکە ناتوانێت نەوتی خاوی خۆی هەناردە بکات."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "ئێران توانای بارکردن و هەناردەکردنی نەوتی هەیە، بەڵام ناتوانێت لە کەنداوی عومانەوە دەربازی بکات. لە ئەنجامدا، ئێستا بە نزیکەیی، هیچ نەوتێک لە کەنداو تێناپەڕێت".
 
فەلەکشاهی باس لەوەشدەکات، هەناردەی نەوتی ئێران "زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام لە دوای ئاگربەستەوە تاوەکو کۆتایی هەفتەی رابردوو، واتە شەممەی رابردوو، بە تێكڕا بۆ 400 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە".
 
بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە، لە مانگی ئاداری رابردوودا ئێران رۆژانە 2.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد. واتە ئێران لەو مانگەدا بەگشتی 65 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.
 
فەلەکشاهی  ئەم قسانەی رۆژی چوارشەممە لە بووڵتەنی ئابووری تۆڕی میدیایی رووداو کردن. 
 
فەلەکشاهی دەڵێت، پێش شەڕی ئێران، بە نەوتی ئێرانیشەوە، رۆژانە 16 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کەنداوەوە هەناردە دەکرا، بەڵام ئێستا بۆ نزیکەی 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە.
 
سەبارەت بە کڕیارانی نەوتی ئێران، هۆمایون فەلەکشاهی گوتی: "بەڵگەنەویستە کە هاوردەکردنی نەوتی ئێران لە لایەن چینەوە رانەگیراوە. ئەو کۆمپانیایانەی لە چین نەوت لە ئێران دەکڕن، بە شێوەیەکی سەرەکی پاڵاوگە سەربەخۆکانن، نەک پاڵاوگە حکومییەکان".
 
هۆمایون فەلەکشاهی گوتیشی، "مانگی رابردوو رۆژانە چین 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ئێرانەوە هاوردەکردووە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و بەتایبەتی کەمبوونەوەی داشکاندن لەسەر نەوتی ئێران، تەنانەت نەوتی ئێرانیش بۆ پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین زۆر گران بووە. بۆیە لە چەند رۆژی رابردوودا، کڕینی نەوتیان کەمکردووەتەوە، چونکە بۆ ئەوان زۆر گران بووە و قازانجی پاڵاوتنیان زۆر کەمە."
 
لەبارەی گازی شلیشەوە فەلەکشاهی دەڵێت، "لە سەرەتای جەنگەوە، هیچ بارێکی گازی شل لە کەنداوەوە دەرنەچووە".
 
بەپێی داتاکانی دامەزراوەکان، 171 کەشتیی نەوتهەڵگر بەرەو ئەمریکا بەڕێوەن بۆ بارکردنی نەوتی ئەو وڵاتە. شرۆڤەکارەکە دەڵێت، "زۆر لەم کەشتییانە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە دەرەوەی کەنداو چاوەڕێ بوون. بینییان کە دۆخەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست باشتر نابێت، بۆیە ئێستا بەرەو ئەمریکا دەچن. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەبێت هەناردەی نەوتی ئەمریکا لەم مانگە و چەند هەفتەی داهاتوودا زۆر بەرز بێت".
 
ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی ئەمریکا بە 90 دۆلارە. هۆمایون فەلەکشاهی دەڵێت، بە تێچووی گواستنەوەوە، هەر بەرمیلێک نەوتی ئەمریکا بە نزیکەی 115 دۆلار لەسەر کڕیاران دەکەوێت.
 
لەدوای دەستپێکی شەڕی ئێرانەوە تەنگەی هورمز داخراوە، ئێستاش ئەمریکا گەمارۆی داوە.
 
پێش شەڕ، رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی هورمزەوە هەناردە دەکرا، کە دەکاتە 20٪ـی خواستی رۆژانەی جیهان لەسەر نەوت.