هۆندا 137 هەزار ئۆتۆمبێلی لە بازاڕدا کشاندەوە
رووداو - هەولێر
کۆمپانیای هۆندای ژاپۆنی رایگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی پەیوەست بە ئێرباگ 137 هەزار ئۆتۆمبێلی خۆی لە بازاڕەکانی جیهاندا دەکشێنێتەوە.
جۆری ئەو ئۆتۆمبیلانەی هۆندا لە بازاڕەکاندا دەیکشێنێتەوە مۆدێلە نوێیەکانی ئۆتۆمبێلی جۆری CR-V ین.
کۆمپانیای هۆندا دەڵێت، بەهۆی کێشە لە ئێرباگەکانیان تاوەکو ئێستا سێ حاڵەتی رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون کە بوونەتە هۆکاری برینداربوونی سەرنشینەکانیان.
کۆمپانیاکە راشیگەیاندووە، 119 هەزار لەو ئۆتۆمبێلانە لە بازاڕی ئەمریکا و 19 هەزاری دیکەشیان لە کۆریا و کەنەدا دەکشێنێتەوە.
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، کۆمپانیای هۆندا و کۆمپانیاکانی دیکەی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل کە ئێرباگەکانیان لەلایەن کۆمپانیای تاکاتای ژاپۆنییەوە درووستکراوە، چەندین جار بەهۆی کێشەی ئێرباگ ئۆتۆمبیلەکانیان لە بازاڕدا کشاندووەتەوە.