یەک ئۆنسە زێڕ بە 3360 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ رۆژی دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دەستبەجێ بەرزبووەوە بۆ 3393 دۆلار، بەڵام دوای چەند کاژێر قازانجەکانی لەدەستدا و تەنانەت ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر.
 
یەک ئۆنسە زێڕ ئێستا بە نزیکەی 3360 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
هەرچەندە تووندبوونەوەی زیاتری شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئیران و بەشداریی راستەوخۆی ئەمریکا لەو شەڕە پاڵپشتیی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە، بەڵام بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی دیکە، گوشاری لەسەر نرخی کانزای زەرد داناوە.
 
دوو فاکتەری جیاواز و دژبەیەک نرخی زێڕیان ئەمڕۆ ناجێگیر کردووە، بە چەشنێک ئاراستەی بازاڕی زێڕ دیار نییە. بەپێی شرۆڤەکارانی زێڕ، ئەگەر فرۆشیاران ئەمڕۆ لە بازاڕی زێڕدا زاڵ بن، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ دەتوانێت زیاتر دابەزێت بۆ ئاستەکانی 3350 و 3320 دۆلار.
 
ئێران هەڕەشەی کردووە کە وەڵامی تووندی ئەمریکا دەداتەوە، کە دوێنێ هێرشی کردە سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران. بازرگانان هێشتا چاوەڕوانی وەڵامی ئێران دەکەن.
 
ئەگەر هاتوو وەڵامی ئێران تووند بێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئاستەکانی 3430 دۆلار و 3450 دۆلار لەئارادایە.