نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە؛ دۆلارێک بە نزیکەی 93 هەزار تمەنە
رووداو دیجیتاڵ
رەنگە جێگەی سەرسووڕمان بێت، بەڵام نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار ئەمڕۆ دووشەممە بەرزبووەتەوە و یەک دۆلار بە نزیکەی 93 هەزار تمەنە.
ماڵپەری نەڤەسان، تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆیی ئیران، نرخی یەک دۆلاری بە 92 هەزار و 800 تمەن داناوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، یەک دۆلار رۆژی یەکشەممە لە هەندێک گرووپی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە تایبەتن بە مامەڵەی دراو لە ئێراندا، بە 94 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرا.
بەرزبوونەوەی نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار لە کاتێکدایە، دوێنی ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەندین دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران و راستەوخۆ پەیوەست بوو بەو شەڕەی کە ئیسرائیل بەرامبەر ئێران هەڵیگیرساندووە.
ماڵپەڕی تەسنیم-ی نزیک لە سوپای پاسداران هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ شکستی نەیارەکانی ئێران لە شەڕی دەروونیدا و دەڵێت، بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئێران ژیرانە و لەڕێگەی چەندین ئامرازەوە وەکو خستنەڕووی دراوی بیانی، نرخی دۆلاریان لە بەرامبەر تمەن جێگیر کردووە.
بە پێچەوانەی لێکدانەوەکانی ماڵپەڕی تەسنیم، هەندێک لە شرۆڤەکاران و بازرگانانی دراو لە ئێران پێیانوایە بازاڕی فیزیکیی دراوەکان لە ئێران بە نیمچە داخراوی ماوەتەوە، قەبارەی مامەڵەکان لەبەر بارودۆخی شەڕ کەمە و خواست بۆ کڕینی دۆلار دابەزیوە. ئەوەش بووەتە هۆکار بۆئەوەی نرخی دۆلار و تمەن لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا گۆڕانکاریی زۆر بەخۆیەوە نەبینێت.
بەپێی ماڵپەڕی تەسنیم، نرخی یەک دۆلار بە کەمتر لە 92 هەزار تمەن لە دوایین ساتەکانی بازاڕدا لە رۆژی یەكشەممە مامەڵەی پێوەکراوە.