ئەندامێکی لیژنەی دارایی بۆ رووداو: ئەمڕۆ یان سبەی بەغدا مووچە دەنێرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
 
لەبارەی خەرجنەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ سەوسەن خزەیر خەلەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق بە وەکالەت قسەم کرد، باسی لەوە کرد رێکارەکانی تەمویل هێشتا تەواو نەبووە."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، "بەپێی زانیارییەکان، ئێستا کێشەی سیولە هەیە. تەنانەت لە وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵیش کە دەبووایە ئێستا بەشێکی زۆری مووچەی وەزارەتەکان دابەشبکرایە، بەڵام هێشتا نەکراوە. هەوڵەکانیش بەردەوامە بۆئەوەی لە نزیکترین کاتدا ئەو بڕە پارەیەی پێویستە بۆ مووچە بخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان."
 
ئەو قسانەی نەرمین مەعرووف لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە، هێشتا بەغدا مووچەی مانگی پێنجی نەناردووە.
 
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، 'ئایا ئەمڕۆ یان سبەی پارە لە بەغداوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت؟' د. نەرمین مەعرووف ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی بەدواداچوونەکانی، "بەڵێ [دەنێردرێت]،" چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان نیازپاکیی خۆی دەربڕیوە بە ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و ئێستا ئەرکی حکومەتی فیدراڵە پابەندیی خۆی جێبەجێ بکات.
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداوی راگەیاند: "کاتێک مووچەی مانگی پێنج خەرجکرا، واتە مووچەی مانگەکانی داهاتوو (6 و 7)یش خەرج دەکرێت."
 
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کە 17ـی تەممووز ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد، هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات کە بە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە مەزەندە کراوە؛ 50 هەزار بەرمیلی دیکەشی بۆ پێویستیی نێوخۆ و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنێت.
 
دوایین جار کە هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتیی بۆ بەغدا ناردووە، لە مانگی نیسان بوو و بڕەکەی 50 ملیار دینار بوو.
 
وەزارەتی دارایی دوێنێ رایگەیاند، ''داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار، کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵی''.