سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر: دوور نییە 100 دۆلار بگاتەوە 150 هەزار دینار

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر دەڵێت، رەتکردنەوەی پسووڵەی بازرگانانی کورد لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینارە.
 
سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر رایگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق متمانەی بەو پسووڵانە نییە کە بازرگانانی هەرێمی کوردستان پێشکێشی دەکەن، بۆیە زۆربەیان رەتدەکاتەوە و ئەوەش بازرگانان ناچار دەکات روو لە بازاڕی ئازاد بکەن کە دەبێتەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار و دابەزینی دینار.
 
قسەکانی سیامەند مەولوود لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ی ئەمڕۆ شەممەی تۆڕی میدیایی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشكێشی کرد.
 
"بانکی ناوەندی 75%ی پسووڵەی بازرگانانی کورد رەتدەکاتەوە"
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر گوتی: "کاتێک بازرگانێکی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە دینارەکەی بگۆڕێتەوە بە دۆلار بە نرخی فەرمی (132 هەزار دینار)، بانکی ناوەندی داوای پسووڵەی کڕینی کەلوپەل دەکات. بەڵام ئێستا بانکی ناوەندی گومانی لە پسووڵەکان هەیە و بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، نزیکەی 75%ی ئەو پسووڵانە لەلایەن بازرگانانی هەرێمەوە پێشکەش دەکرێن، رەتدەکرێنەوە یان بۆ ماوەیەکی زۆر دوادەخرێن."
 
سیامەند مەولوود گوتی: "بازرگان هەیە دەڵێت 40 رۆژە پارەم داناوە و هێشتا وەڵامم نەدراوەتەوە و نەچووەتە سەر هەژماری بانکییەکەم. ئەمەش وا دەکات بازرگانەکە ناچار بێ دینارەکەی لە بانک رابکێشێتەوە و لە بازاڕی ئازاددا بیکاتە دۆلار بۆ ئەوەی بتوانێ حەواڵەی بکات."
 
دەشڵێت، "ئەمە راستەوخۆ خواست لەسەر دۆلار زیاد دەکات و نرخی بەرز دەکاتەوە."
 
پێشتر پرۆسەکە 10 بۆ 15 رۆژی دەخایاند. بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر، زیاتر لە مانگێکە ئەو کێشەیە دروستبووە.
 
گوتیشی، ئەگەر پرۆسەکە بە یەکجاری لە هەرێمی کوردستان بوەستێت، نرخی 100 دۆلار رەنگە بگاتە 150 هەزار دینار، چونکە هەموو بازرگانان ناچار دەبن لە بازاڕی ناوخۆ دۆلار بکڕن.
 
هۆکارێکی دیکە کە سیامەند مەولوود ئاماژەی پێدا، نەبوونی شەفافیەتە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە.
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، "پێشتر بانکی ناوەندی رۆژانە رای دەگەیاند کە چەند دۆلاری فرۆشتووە، بۆ نموونە 120 ملیۆن دۆلار کە 100 ملیۆنی بۆ حەواڵە و 20 ملیۆنی کاش بوو. بەڵام ئێستا ئەو راگەیاندنە وەستاوە و کەس نازانێ رۆژانە چەند دۆلار دەفرۆشرێ و دەدرێتە کێ. ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕ دروست کردووە."