کۆمپانیایەکی بەلجیکی دووەم گەورەترین ئەڵماسی جیهان نمایش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دووەم گەورەترین ئەڵماسی جیهان، کە بە ناوی (مۆتسێدی) ناسراوە و کێشەکەی 2488 قیراتە واتا دوو گرامی کەمە بۆ نیوکیلۆ، لەلایەن کۆمپانیای تایبەت بە گەوهەر و خشڵ، کۆمپانیای ( ئێچ بی ئانتوێرب) نمایشکراوە.
جگە لەو ئەڵماسە گەورەیە، کۆمپانیاکە 3 کانزا و بەردی بەنرخی دیکەی نمایشکردووە.
بە گوتەی مارگۆ دۆنکییەر، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی ( ئێچ بی ئانتوێرب)، کۆمپانیاکە ئێستا چوار ئەڵماسی نایابی خستووەتەڕوو، لەوانە دوو بەردی خاوی دیکەی ئەڵماس کە کێشیان لە 1000 قیرات زیاترە و ئەڵماسێکی پەمەیی 37.42 قیراتی کە بە "موعجیزەیەکی بچووکی سرووشت" ناوزەدکراوە بەهۆی رەنگە نائاساییەکەیەوە.
دۆزینەوەی ئەڵماسی مۆتسێدی لە وڵاتی بۆتسوانا لە ساڵی رابردوو ساتێکی مێژوویی بوو، لە رووی قەبارەوە تەنیا لەدوای ئەڵماسی (کولینان) دێت و پێش بەردێکی 2035 قیراتی دەکەوێت، کە ئێستا سێیەم گەورەترین ئەڵماسی جیهانە.
دۆنکیێر ئاماژەی بەوە کرد، قەبارە و دەگمەنیی مۆتسێدی و بەردە هاوشێوەکانی وایان لێدەکات گونجاو بن بۆ نمایشکردن لە مۆزەخانە یان کۆکردنەوەی تایبەت. ئەو پشتڕاستی کردەوە کە مۆزەخانە نێودەوڵەتییەکان پێشتر ئارەزوویان دەربڕیوە، هەرچەندە کۆکەرەوە دەوڵەمەندەکان، لەوانە شێخەکانی کەنداو، رەنگە کێبڕکێ بکەن بۆ بەدەستهێنانیان.
نرخی ئەو ئەڵماسە بە زیاتر لە دەیان ملیۆن دۆلار مەزەندەکراوە.
گەورەترین ئەڵماسی جیهان، کۆلینان کێشەکەی 621 گرامە و نرخەکەیشی 400 ملیۆن دۆلارە.
ئەو ئەڵماسە لە لەندەنەوە بەشێکە لە کۆلێکشنی شاهانەی بەریتانیا.