ئەنجوومەنی دەوڵەت مافی لێبڕین دەداتە بەغدا، "مەترسیی بۆسەر نەوت هەیە"

 
رووداو دیجیتاڵ

"رێگری یاسایی نییە لەوەى وەزارەتی دارایی لێبڕین بکات،" رستەیەکی نێو روونکردنەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەتە، کە ئەگەر هەیە گۆڕانکاری لە پرسی ناردنی مووچە و شێوازى رادەستکردنی داهاتی نانەوتی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بکات.
 
ئەو رێگەپێدانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە لە بۆچوونەکانیدا هاتووە، کە 22ى ئەیلوولی 2025 ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقى کردووە.
 
ئەو پرسە پێشتر جێگەی مشتومڕی نێوان هەولێر و بەغدا بووە، بۆیە ئەو جیاوازییە لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کراوە، بۆئەوەی بۆچوونی یاسایی خۆی لەبارەوە بخاتەڕوو.
 
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "رێگری یاسایی نییە لەوەی وەزارەتی دارایی لێبڕین بکات لەنێوان شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان یان پارێزگاکان، لەوەی پشکی گەنجینەی گشتیی دەوڵەتە لە داهاتەکان."
 
ئەو بۆچوونە بەلای د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە دوو لایەنەیە، کە دەکرێت هەولێر و بەغدا لە بەرامبەر یەکدی لە پرسە داراییەکاندا بەکاریبهێنن.
 
لێبڕین، شێوازێکە لە پاکتاوی دارایی لەنێوان دوو لایەندا، کە پابەندبوونی دارایی دوو لایەنەیان بۆ یەکدی هەیە، ئەگەر لایەنى یەکەمیان شایستەی دارایی لایەنەکەی دیکەی نەدا، لایەنی دووەم دەتوانێت هەمان بڕە پارە لەو پشکە ببڕێت کە دەینێرێت بۆ لایەنی یەکەم.
 
د. جەمال کۆچەر رایگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەگوێرەی ئەو بۆچوونە دەتوانێت بڕی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لە شایستەی دارایی مووچە ببڕێت ئەگەر رادەستی نەکات، بەهەمان شێوەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو بڕە داهاتەی لەسەرێتی رادەستی بەغدای نەکات و لەبری ئەوە لە پشکی مووچە کەم بکرێتەوە.
 
بەر لە ناردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، هەرێمی کوردستان پشکی بەغدای لە داهاتی نانەوتی بە کاش دەخستە سەر هەژماری تایبەتی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ  لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بەغدا مانگانە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار وەک پارەی مووچە دەنارد، هەرێمی کوردستان لە دوو مانگی رابردوودا 120 ملیار دیناری بە کاش خستە سەر  هەژمارەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
 
بە گوتەی د. جەمال کۆچەر، ئەو لێبڕینە سوودی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە لەوەدا کە رێکاری گواستنەوەی پارەی داهاتی نانەوتی جێبەجێ ناکرێت و بۆ ناردنی پارەی مووچە چاوەڕێی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی ناکات و پشت بە لێبڕین دەبەستێت.
 
بەر لەو بۆچوونەی ئەنجوومەنی دەوڵەت، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ داوای دەکرد ئەو داهاتە نانەوتییانەی کە 50%ی بۆ هەرێمی کوردستانە رادەستی بکرێت و دواتر پشکی هەرێمی کوردستانی لێ بدرێت.
 
ئەو هەنگاوە بە بۆچوونی جەمال کۆچەر مەترسی لەسەر پرسی نەوت هەیە و دەڵێت، "ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوت رادەست نەکات، ئەگەر هەیە بە پشتبەستن بەو بۆچوونەى ئەنجوومەنى دەوڵەت وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ خەمڵاندن بۆ بڕی ئەو نەوتە بکات، کە دەبوو رادەستبکرێت و پارەکەى لە پشکی هەرێمی کوردستان ببڕێت."
 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بکات لەگەڵ رادەستکردنی پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتی وەک مەرجی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
بۆچوونەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کە شەش خاڵە تایبەتە بە پرسە ئاساییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی رێژەی داهاتی نانەوتی رادەستکراو.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند یەکێک لە مەترسییەکانی ئەو بۆچوونەی ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەوەیە کە لە بودجەی ساڵی 2026 پشتی پێ ببەسترێت و بەکاربهێنرێت.