نرخی زێڕ زیاتر بەرزبووەوە؛ مسقاڵێک عەیار 21 بە 890 هەزار دینارە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ کاتی داخستنی بازاڕ، یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 نزیکەی 25 هەزار دینار بەرزبووەوە.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 890 هەزار دینار دەفرۆشرێت".
هەر ئەمڕۆ نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 22 بە 933 هەزار دینار و عەیاری 18 بە 763 هەزار دینارە.
جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر گوتی: "ئەو نرخەی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای نرخی ئۆنسەیەک بە 4 هەزار و 480 دۆلار و هەر 100 دۆلار بە 142 هەزار دینار دیاریکراوە".
دوێنێ لەکاتی داخستنی بازاڕدا، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 875 هەزار دینار، عەیار 22 بە 915 هەزار دینار و عەیاری 18 بە 750 هەزار دینار بوو.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی کێشە جیوسیاسییەکان، چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی و کڕینی زۆری بانکە ناوەندییەکان و سندووقەکانی وەبەرهێنان، لە جیهاندا بەرزبووەوە بۆ ئاستێکی نوێی مێژوویی و توانی نزیک بێتەوە لە 4500 دۆلار.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە کە کارێکی ژیرانەیە ئەگەر نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزۆێلا دەسەڵات جێبهێڵێت.
گرەوی وەبەرهێنەران لەسەر کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە کۆتایی مانگی داهاتوودا، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە لە جیهاندا.