عێراق بووەتە 'شوێنی فڕێدانی ئۆتۆمبێل'
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دامەزراوەی ئایندە بۆ لێکۆڵینەوەی ئابووری هۆشداری دەدات لەوەی عێراق بووەتە "شوێنی فڕێدانی ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو" و داوا دەکات سەرچاوەکانی هاوردەکردن فرەچەشن بکرێن. دەشڵێت: "تورکیا لەرێگەی خۆراکەوە کۆنترۆڵی دۆسیەی ئاوی کردووە و مەرجەکانی دەسەپێنێت."
مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی ئایندە بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاریی ئابووری رایگەیاند: "داتا و زانیاری فاکتەرێکی سەرەکین بۆ پێوانەکردنی ئاستی گەشەسەندن، بۆیە دەبێت بەردەوام پێداچوونەوە بە داتاکانی عێراقدا بکرێت."
بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا عێراق بە بەهای 63 ملیار و 93 ملیۆن دۆلار کاڵای هاوردەکردووە؛ پشکی کەرتی تایبەت 57 ملیار و 743 ملیۆن دۆلار بووە و کەرتی حکومیش پێنج ملیار و 350 ملیۆن دۆلار بووە.
لەنێو ئەو کاڵایانەدا، تەنیا لە نۆ مانگدا بە بەهای شەش ملیار و 600 ملیۆن دۆلار ئۆتۆمبێل هاوردەکراوە.
مەنار عوبەیدی رەخنە لەو هەڵئاوسانە دەگرێت و دەڵێت: "لە ساڵانی رابردوودا قەرەباڵخییەکی یەکجار زۆر لە ژمارەی ئۆتۆمبێل دروستبووە، ئەوەش بەهۆی هاوردەکردنی بێسەروبەر و نەبوونی کۆنترۆڵی جۆری."
بە بڕوای ئەو شارەزا ئابوورییە، هێنانی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو و "لێدراو" وایکردووە، "عێراق ببێتە شوێنی فڕێدانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی وڵاتانی جیهان."
عوبەیدی ئاماژەی بەوەشکرد، زیادکردنی گومرگ بەڕێژەی 30٪ و مەرجی بڕوانامەی کۆنترۆڵی جۆری هەنگاوی باشن، چونکە "عێراق ئەگەر گواستنەوەی گشتیی هەبێت و رێگەوبانەکان باش بن، پێویستی بەو ژمارە زۆرە لە ئۆتۆمبێل نییە."
سەبارەت بە ئاسایشی خۆراک، عوبەیدی هۆشداری دەدات لە پشتبەستنی تەواوەتی بە ئەنقەرە و دەڵێت: "تورکیا کۆنترۆڵی ئاسایشی خۆراکی عێراقی کردووە؛ ئەمەش وایکردووە کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر دۆسیەی ئاویشدا هەبێت و بتوانێت مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت."
سەرۆکی دامەزراوەی ئایندە پێیوایە، پشتبەستن بە تەنیا یەک سەرچاوە "مەترسییەکی ستراتیژییە" و دەبێت بیر لە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردەی خۆراک بکرێتەوە.
سەبارەت بە بازرگانی لەگەڵ تاران، عوبەیدی ئاشکرای کرد بەهۆی نەبوونی داتا و سزاکانی سەر ئەو وڵاتە نازانرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە چەندە، بەڵام کەمترە لە بازرگانی لەگەڵ تورکیا.
ئەو شارەزایە پرسیار لەسەر هاوردەکردنی زێڕ دروستدەکات و دەڵێت: "پار بە بەهای 22 ملیار دۆلار زێڕ هاوردەکراوە؛ دەبێ بپرسین ئەم کانزا بەنرخە بۆ کوێ چووە؟ ئایا جێگرەوەیەک بووە بۆ ئەو دۆلارەی کە پێشتر لە حەواڵە یان پارەدارکردن بۆ پرۆسە بازرگانییەکانی دیکە بەکاردەهات؟"
وردەکاریی هاوردەکردنی کاڵاکان لە 9 مانگدا:
ئامێری کارەبایی: 7 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار
ئۆتۆمبێل: 6 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار
ئاسن: ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلار
جلوبەرگ: ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار
سەوزە و میوە: زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار