نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 2925 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە، ئەمڕۆ دووشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.4% دابەزی و بە 2925 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا دەکەن، بۆئەوەی بەرچاوڕوونیی زیاتریان هەبێت سەبارەت بە سیاسەتی نەختی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە رێژەی 0.5% دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 2939 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دابەزیوە، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئاستی نوێی لە بەرزبوونەوە تۆمار کرد."
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، "ناڕوونی و نادڵنیاییەکانی ناو بازاڕەکان بە ئەگەری زۆرەوە پاڵپشتیی زیاتر بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات، دەکرێت نرخی کانزای زەرد هێشتا زیاتر بەرز ببێتەوە بۆ ئاستێکی مێژوویی دیکە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، لە مانگی داهاتووەوە پێناسی گومرگیی زیاتر بەسەر کاڵای هاوردەکراو دەسەپێنێت؛ ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت، نادڵنیاییەکانی نێو بازاڕەکان بەهۆی سەپاندنی پێناسی گومرگییەوە لەلایەن ئەمریکاوە، بەردەوام کاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ دروستدەکەن.