دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ رووداو: چوارشەممە لیستی مووچەی شوبات رەوانەی بەغدا دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ رووداو، رۆژی چوارشەممە، لیستی مووچەی مانگی دووی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا دەکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە زانا کایانی، پێشکێشکاری رووداوی گوت: "تێبینییەکانی بەغدا لەسەر لیستی مووچە چارەسەر کراون و رۆژی چوارشەممە لیستەکە دەنێردرێت".
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی رووداو، گوتی: "لیستەکە چوارشەممە دەنێردرێت و چاوەڕوان دەکەین پێنجشەممە حکومەتی عێراق بڕیاری خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی دوو بدات".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، 03ـی ئەم مانگە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد، تێیدا سێ داواکارییەی لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمانەی خوارەوەن:
 
1- پێدانی نووسراوی پارەدارکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
2- تەواوکردنی ناردنی داتای تایبەت بە جێکردن "تەوتین"ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی ئەو میکانیزمەی کە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دانراوە.
3- ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی کانوونی دووەمی 2025 بۆسەر  ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە ( 70018).
 
دابەشكردنی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ، پێنجی ئەم مانگە دەستیپێکرد و 10ـی مانگ کۆتایی بە دابەشکردنی هات. بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە.