وەزیری دارایی ئێران: رۆژانە 1.3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی ئێران دەڵێت، سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا، بەڵام هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە دوو ساڵی رابردوودا و 1.3 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە.
ئیحسان خاندۆزی، وەزیری دارایی ئێران رۆژی پێنجشەممە، 23-03-2023، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز رایگەیاند، ئێستا هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە 1.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی لانیکەم لە دوو ساڵی رابردوودا.
خاندۆزی دەشڵێت، هەناردەی نانەوتیش لە 11 مانگی سەرەتای ساڵی هەتاویی رابردووی ئێران 12٪ بەرزبووەتەوە و بە بەهای 53 ملیار دۆلار کاڵای نانەوتی هەناردەکراوە، لە بەرامبەردا بە بەهای 60 ملیار دۆلار کاڵا هاوردە کراوە.
لەدوای ساڵی 2018ـەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشاندەوە، تاران ئەو شوێنانەی نەوتیان بۆ هەناردە دەکات و داهاتی نەوتەکەشی بە نهێنی هێشتووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ترس لە سزای ئەمریکا بەسەر ئەو لایەنانەی نەوتی ئێران دەکڕن.
وەزیری دارایی ئێران لەبارەی رووسیاشەوە دەڵێت، لە ساڵی دارایی رابردوودا، رووسیا بە بەهای 2.76 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە سێکتەرەکانی پیشەسازی، کانزاکاری و گواستنەوەی ئێران کردووە.
هەرچەندە ئێران داهاتی نەوتەکەی ئاشکرا ناکات، بەڵام ئەگەر تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی ئەو وڵاتە بە 60 دۆلار بفرۆشرێت، ئەوا داهاتی هەناردەی 1.3 ملیۆن بەرمیل لە ساڵێكدا دەکاتە 28 ملیار دۆلار.
هاوکات جگە لە نەوتی خاو، داهاتی ئەو بەرهەمە نەوتییانەش کە ئێران هەناردەیان دەکات، هەمان ئاستی داهات بۆ وڵاتەکە دەستدەخەن، بەڵام ئێران داشکاندن بۆ نرخی نەوتەکەی دەکات و نازانرێت بەدیاریکراوی چەندی دەستدەکەوێت.
بەشێک لە چاودێران پێیانوایە، رەنگە ئێران بەشێک لە نەوتەکەی لە بەرامبەر دەستخستنی خۆراک و پێویستییەکانی دیکەی بداتە ئەو لایەنانەی خوازیاری نەوتی وڵاتەکەن.