تۆزی جەنگ گەیشتە بەر دەرگای ڤیێتنام؛ گەشتی ئاسمانی کەم دەکرێتەوە و نرخی سووتەمەنی 70% بەرزبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کەمبوونەوەی توانای دابینکردنی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکان کە دەرئەنجامی جەنگی نێوان (ئیسرائیل - ئەمریکا) و ئێرانە، حکومەتی ڤیێتنام بڕیاری دا گەشتە ئاسمانییە نێوخۆییەکانی کەم بکاتەوە. لەو وڵاتەدا نرخی سووتەمەنی بە رێژەی 70% بەرزبووەتەوە و مەترسیی پەککەوتنی کەرتی فڕۆکەوانی دروستکردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ڤیێتنام، هێڵی ئاسمانیی نیشتمانیی ئەو وڵاتە (Vietnam Airlines) بڕیاریداوە لە 1ی نیسانی مانگی داهاتووەوە، هەفتانە 23 گەشتی نێوخۆیی رابگرێت. هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ سنوورداریی دابینکردنی سووتەمەنی فڕۆکە (Jet A-1) دەگەڕێتەوە، کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی کەنداو تووشی تەنگژە بووە.
 
کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە گەشتە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن، بەڵام ناچارن لە مانگی داهاتووەوە باجی زیادە بخەنە سەر بلیتی گەشتەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووی زۆری سووتەمەنی.
 
وەزارەتی دارایی ڤیێتنام بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، پێشنیازی کردووە باجی ژینگە لەسەر سووتەمەنی کەمبکرێتەوە تاوەکو بارگرانیی سەر هاووڵاتییان سووکتر بێت. ئامارەکان نیشان دەدەن لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگەکە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، نرخی بەنزینی ئۆکتان 95 بە رێژەی 50% و نرخی دیزڵیش بە رێژەی 70% لە ڤیێتنام بەرزبووەتەوە.
 
ڤیێتنام بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، دەستی بە جووڵەی دیپلۆماسی کردووە و داوای هاوکاریی لە وڵاتانی قەتەر، کوێت، جەزائیر و ژاپۆن کردووە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی. هەروەها رۆژی دووشەممە رێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ رووسیا واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز.
 
ئەم قەیرانە تەنیا ڤیێتنامی نەگرتووەتەوە؛ لە ناوچەکەدا هێڵی ئاسمانیی نیشتمانیی میانمار بەشێک لە گەشتەکانی هەڵوەشاندووەتەوە. هاوکات کۆمپانیای (United Airlines)ی ئەمریکیش رایگەیاندووە، بەهۆی زیادبوونی نرخی سووتەمەنی، ناچارن ژمارەی گەشتەکانیان لەسەر ئاستی جیهان کەم بکەنەوە.