لە پاڵاوگەیەکی تێکساس تەقینەوە روویدا
رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەکی بەهێز لە پاڵاوگەی نەوتی (ڤالێرۆ)ی لە شاری پۆرت ئارسەری ویلایەتی تێکساس روویدا. بەهۆی تەقینەوەکەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و دووکەڵێکی چڕ و رەش ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە.
رۆژی سێشەممە 24-03-2026 (دووشەممە بە کاتی ئەمریکا) زێنا ستیڤنس، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەکە رایگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تەقینەوەکە بەهۆی گەرمکەرەوەیەکی پیشەسازییەوە بووە. ستیڤنس جەختی کردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی یان برینداربوون لە ناو کارمەندانی پاڵاوگەکە و دانیشتووانی دەوروبەری تۆمار نەکراوە.
ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکە رایانگەیاندووە، دەنگێکی یەکجار بەهێزیان بیستووە کە بووەتە هۆی لەرینەوەی دیوار و پەنجەرەی ماڵەکانیان. هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی فریاگوزاری دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و فەرمانی "مانەوە لە شوێنەکان"یان بۆ دانیشتووانی بەری رۆژئاوای شاری پۆرت ئارسەر دەرکردووە، تاوەکو لە مەترسیی ئەو دووکەڵە چڕەی لە پاڵاوگەکەوە بەرز دەبێتەوە پارێزراو بن.
بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی کۆمپانیای ڤالێرۆ، ئەم پاڵاوگەیە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی وزە لە ئەمریکا و رۆژانە نێوان 380,000 بۆ 435,000 بەرمیل نەوتی خاو دەپاڵێوێت و بەنزین، گازوایل و سووتەمەنی فڕۆکەی لێ بەرهەم دەهێنێت.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی وزەی جیهان بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە و هەر پەککەوتنێکی پاڵاوگە ناوخۆییەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی گوشارێکی زیاتر لە سەر نرخی سووتەمەنی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.