بۆ یەکەمجار لەدوای شەڕی ئێرانەوە، کەشتییەکی نەوتیی عێراق لە هورمزەوە تێپەڕی

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشتییەکی گەورەی نەوتهەڵگر کە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتبوو، بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوە. 
 
ئەمە یەکەمجارە لەدوای دەستپێکی شەڕی ئێرانەوە لە 28ـی مانگی رابردوو، کەشتییەکی نەوتهەڵگری عێراق بە رێڕەوەکەدا بڕوات.
 
بەگوێرەی داتاکانی کەشتیوانی کە دەست بلومبێرگ کەوتوون، کەشتیی ئۆمێگا ترەیدەر کە لەلایەن کۆمپانیای 'میتسویی ئۆ ئێس کەی لاینز'ـەوە بەڕێوەدەبرێت، لە چەند رۆژی رابردوودا گەیشتووەتە مومبای لە هیندستان.
 
دوایین شوێنی کەشتییەکە زیاتر لە 10 رۆژ پێش ئێستا لەنێو ئاوەکانی کەنداو تۆمارکرابوو، ئەمەش دەرخەری پەککەوتنی جووڵەی کەشتیوانییە لەماوەی ئاڵۆزییەکاندا. داتاکانی کەشتیوانی ئەمڕۆ تێپەڕینەکەیان راگەیاند.
 
پێش شەڕی ئێران، تەنگەی هورمز 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبوو، بەڵام لەدوای شەڕەوە هاتووچۆ تێیدا وەستاوە. لەمدواییانەدا ئێران رێگەی بە کەشتیی چەند وڵاتێکی دیاریکراو داوە کە بە تەنگەکەدا بڕۆن.