حکومەتی خۆجێیی ئەنبار: دەتوانرێت 200 هەزار بەرمیل نەوت لە دەروازەکانمانەوە هەناردە بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی خۆجێیی ئەنبار رایگەیاند، ئەگەر دەروازە سنوورییەکانیان ئامادە بکرێن، دەتوانرێت لە رێگەیانەوە نزیکەی  200 هەزار بەرمیل نەوت بە تەنکەر هەناردە بکرێت و پڕۆژەی راکێشانی بۆریی نەوتی بەسرە-ئوردنیش لە سنووری پارێزگاکەدا وەستاوە.
 
موئەیەد دلێمی، گوتەبێژی حکومەتی خۆجێیی ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەگەر دەروازە سنوورییەکانی ئەنبار بەتەواوی ئامادە بکرێن بۆ گواستنەوەی نەوت بە تەنکەر، دەتوانرێت لە نێوان 100 بۆ 200 هەزار بەرمیل نەوت لەو رێگەیەوە هەناردە بکرێت، ئەو دەروازانە پێویستیان بە ئامادەکاری و نۆژەنکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن."
 
ئێستا دوو دەروازەی وشکانیی ئەنبار لەکاردان، کە بریتین لە دەروازەی ترێبێل لەگەڵ ئوردن و قائیم لەگەڵ سووریا.
 
لەدوای داخستنی تەنگەی هورمز، ئێستا عێراق تەنیا لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە نەوت هەناردە دەکات بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، یەکێک لە چارەسەرەکانی وەزارەتی نەوت ئەوەیە کە لە رێگەی وشکانییەوە نەوت هەناردە بکات.
 
موئەیەد دلێمی رایگەیاند: "پڕۆژەی بۆریی بەسرە-ئوردن کە بە ئەنباردا تێپەڕ دەبێت، لە بودجەدا پارەی بۆ تەرخان کراوە و دراوەتە کۆمپانیایەک بۆ جێبەجێکردنی، کە دەبێت ساڵی 2027 تەواو بکرێت، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کارکردن تێیدا راوەستاوە، ئەگەرنا دەتوانرێت لەو هێڵەوە رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت."
 
پڕۆژەکە لە بەسرەوە دەستپێدەکات و بۆرییەکی 1665 کیلۆمەترییە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن لەسەر دەریای سوور، بۆرییەکە لە بەسرەوە دەچێتە شارۆچکەی حەدیسە لە ئەنبار، لەوێشەوە دەچێتە بەندەری ئوردن.
 
بەر لە جەنگى ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، عێراق رۆژانە زیاتر لە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، ئێستا کەم بووەتەوە بۆ 250 هەزار بەرمیل.