هەڕەشەکانی ترەمپ نرخی زێڕی نزیکەی 60 دۆلار بەرزکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ بە بەرزبوونەوەی نزیکەی 150 دۆلار کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتانە هێنا.
 
رۆژی هەینی نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 58 دۆلار بەرزبووەوە و بە سێ هەزار و 358 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە مامەڵەکانی ئایندەش بە سێ هەزار و 365 دۆلارە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر یەکێتیی ئەورووپا و کۆمپانیای ئەپڵ کرد.
 
ترەمپ رایگەیاند،"گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەورووپا بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە"، هەڕەشەی ئەوەی کرد لە یەکی مانگی داهاتووەوە پێناسی گومرگی 50٪ بەسەر یەکێتیی ئەورووپا دەسەپێنێت.
 
ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر کۆمپانیای ئەپڵ بەرهەمەکانی لەنێوخۆی ئەمریکا بەرهەمنەهێنێت، ئەوا پێناسی گومرگی بە رێژەی 25٪ بەسەر ئەویش دەسەپێنێت. 
 
ئەم هەڕەشانەی سەرۆکی ئەمریکا، ترسی دروستبوونی شەڕی بازرگانیی نوێکردووەتەوە. 
 
دابەزینی نرخی دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، هاوشان لەگەڵ نیگەرانی لە زیادبوونی قەرزەکانی ئەمریکا، دوو هۆکاری دیکەن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
لە هەفتەی رابردووەوە، نرخی یەک ئۆنسەی زێڕ 141 دۆلار بەرزبووەتەوە.