نرخی نەوت بۆ نزیکەی 65 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەدوایین چرکەساتی داخرانی بازاڕەکاندا، نرخی نەوتی برێنت 34 سەنت بەرزبووەوە و بە 64.78 دۆلارە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 33 سەنت بەرزبووەوە و بە 61.53 دۆلارە.
لە هەفتەی رابردوودا نرخی نەوت جێگیر بووە و گۆڕانکارییەکی کەمی بەسەردا هاتووە.
دوێنێ هەینی، شاندی ئەمریکا و ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆبوونەوە لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران. فیل فلین، شرۆڤەکاری باڵا لە دامەزراوەی 'پرایس فیوچەرس گرووپ' دەڵێت، بازرگانان نیگەرانن لە ئەگەری پچڕانی هەناردەی نەوتی ئێران، ئەوەش ئەگەر لە گفتوگۆکان رێککەوتن نەکرێت.
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، "پێناچێت گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی باشدا بڕۆن؛ کۆبوونەوەکەی دوێنێش دوایین کۆبوونەوە بێت و رێککەوتن نەکرێت، دەکرێت ئەمە گڵۆپی سەوز بۆ ئیسرائیل هەڵبکات بۆ هێرشکردنەسەر ئێران".
هاوکات چاوی بازرگانان لەسەر هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپە لە سەپاندنەوەی پێناسی گومرگی بە رێژەی 50٪ لەسەر یەکێتیی ئەورووپا.
ئاندرو لیپۆو، بەڕێوەبەری دامەزراوەی 'کۆمەڵەی نەوتیی لیپۆو' دەڵێت، "دوو فاکتەر گوشاریان خستووەتە سەر بازاڕی نەوت؛ یەکەمیان کاریگەریی پێناسە گومرگییەکان بۆ خواست لەسەر نەوت، دووەمیش پێشبینییەکانی زیادکردنی بەرهەمی نەوت لە لایەن ئۆپێک پڵەسەوە لە هاوینی ئەم ساڵدا".
بڕیارە هەفتەی داهاتوو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کۆببێتەوە و بڕیار لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی تەمموز بدات. پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە بڕەکە 411 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیادبکرێت.
پێشتر گرووپەکە لە مانگەکانی نیسان، ئایار و حوزەیران بڕیاری زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی داوە.