خشتەی مووچەی مانگی ئایار بڵاوکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی ئایاری بڵاوکردەوە، بەگوێرەی خشتەکە، مووچە لە سێ رۆژدا دابەشدەکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەدوای تەمویلی مووچە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، دوای نزیکەی کاژێرێک خشتەکەی بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی خشتەکە لە رۆژی هەینی 25-07-2025 کە یەکەم رۆژی دابەشکردنەکەیە: خانەنشینی شارستانی، خاوەنپێداویستی تایبەت، زیندانە سیاسییەکان، بەرکەوتووانی کیمیاکاران، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان. مووچەکانیان وەردەگرن.
 
رۆژی دووەمی دابەشکردنی مووچە کە 27ـی تەممووزە هەریەک لە وەزارەتەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پەروەردە، خانەنشینی پێشمەرگە، دارایی و ئابووری و دەستەکانی (دەستپاکی، وەبەرهێنان و ژینگە)، دەزگەی مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێریی دارایی، مافی مرۆڤ، ئاوەدانکردنەوەی نیشتەجێکردن، تەندروستی، ناوخۆ، داد، ئەنجوومەنی دادوەری، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانەسرووشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار.
 
رۆژی یەکشەممە 27ـی تەممووز ئەم شوێنانە مووچە وەردەگرن: کار کاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خوێندنی باڵا، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە (دیوان، لیواکان)، یەکەی 70 و 80، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگەی ئاسایش، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگریی فریاکەوتن. 
 
هاوکات بەپێی وەزارەتی دارایی ئەو کەسانەی لەڕێگەی (هەژماری من)ـەوە مووچە وەردەگرن، پارە خراوەتە سەر هەژمارەکانیان و دەتوانن لە ئێستاوە بچن پارەکانیان لە ئامێرەکانی پارەدان (ATM) رابکێشن.
 
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغدا تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری بە بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دینار خستووەتە سەر هەژمارەکەیان.
 
لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتوو بەگوێرەی ژمارەیەک سەرچاوەی جیاواز بۆ رووداو: "ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندییەکانیان جێبەجێ بکەن."