پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: هەڵاوسان بۆ دووەم مانگ لەسەریەک دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، هەڵاوسان لە عێراق بۆ دووەم مانگ لەسەریەک دابەزیوە، دابەزینەکەش زیاتر لە بواری خۆراک و خواردنەوەدایە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەڵاوسانی مانگانە لە مانگی تەممووزدا 0.1% دابەزیوە، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیراندا 1.2% دابەزی. هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی تەممووزی 2024 بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2023، 1.2% دابەزیبوو. دابەزینەکەش نرخی 333 کاڵا و خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت و نزیکەی 88%ی خەرجیی تاک پێکدەهێنن."
بەشی زۆری ئەو دابەزینە لە کەرتی خواردن و خواردنەوەیە. گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ سیاسەت و رێکارەکانی حکومەتی عێراق لە دابینکردنی سەبەتەی خۆراک، هاوردەکردنی خۆراک بە نرخی فەرمیی دۆلار، کۆنترۆڵ و پاراستنی بازاڕ.
دابەزینەکە لە مانگی رابردوودا بەم جۆرە بووە: ماسی 4.1%، سەوزەوات 2.9%، میوە 1.8% و شیرەمەنییەکان و هێلکە 0.7% دابەزیون.
هەروەها نرخی چەند بەش و کەرتێکی دیکەش دابەزیوە کە بریتین لە گەیاندن 0.1%، کاڵا و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان 0.3% و پێداویستی و کەلوپەلی ماڵ 0.1%.
بەڵام وەک گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی، نرخی شەش بەشی دیکە کەمێک بەرزبووەتەوە، لەوانە نیشتەجێبوون 0.8%، تەندروستی و گواستنەوە (هەریەکەیان 0.3%)، جلوبەرگ و پێڵاو، هەروەها چێشتخانە و هۆتێلەکان (هەریەکەیان 0.1%)؛ بەشەکانی پەروەردە و فێرکردنیش جێگیر بووە.
عەبدولزهرە هینداوی ئاماژەی بەوەشکرد، ''هەڵاوسانی بنەڕەتی'' (بە دەرکردنی ئەو کاڵایانە هەژمار دەکرێ نرخیان ناجێگیرە، وەک سەوزە و میوە و نەوت) لە مانگی تەممووزدا بەراورد بە هەمان مانگی 2023، بە رێژەی 0.8% دابەزیوە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی:" ئامار و داتای هەرێمی کوردستانمان لانییە."