یەک ئۆنسە زێڕ بە 3766 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە نرخی زێڕ ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد و گەیشتە نزیکەی 3790 دۆلار، ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی پرۆسەی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە، نرخی کانزای زەرد کەمێک لە ئاستە بەرزەکانی دوورکەوتەوە و لە نزیک 3766 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12دا بە 3785 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارێکی لە رۆژی سێشەممە رایگەیاند، بانکەکە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا سەبارەت بە سوودی بانکی دەبێت بە وریاییەوە بڕیار بدات، هەوڵبدات هاوسەنگی بپارێزێت لەنێوان کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و هاندانی بازاڕی کار.
 
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئواندا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لەڕووی تەکنیکییەوە نرخی زێڕ زۆر بەرزبووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "لێدوانەکانی جیرۆم پاوڵ هەروەها گوشاری لەسەر نرخەکانی زێڕ داناوە."
 
کێلڤین وۆنگ دەڵێت، "رەنگە ئەمڕۆ دابەزینێکی کەم لە نرخی زێڕدا ببینین، بەڵام ئاراستەی درێژخایەن و کورتخایەنی زێڕ هێشتا بەرەو بەرزبوونەوەیە."