حکومەتی هەرێمی کوردستان: 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی رادەست دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە داواکارییەکەی بەغدا بۆ رادەستکردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی جێبەجێ بکرێت و بڕیارەکە لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە و بۆ مووچەی مانگەکانی دیکەش گفتوگۆ و دانوستاندن دەکرێت.
لەبارەی رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان بەغدا، هەولێر و کۆمپانیاکانی نەوت، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "رێککەوتنەکە بۆ ماوەی 3 مانگە، چونکە دوای ئەوە دەچینە ساڵی نوێوە و لە ساڵی نوێش یاسای نوێی بودجە ئامادە دەکرێت."
رۆژی دووشەممە، ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆچوونی خۆی لەبارەی داهاتی نانەوتی خستەڕوو. بۆچوونەکەیان لە کۆبوونەوەی دوێنێی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێ کران و دواتر بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 7ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بکات لەگەڵ رادەستکردنی پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتی وەک مەرجی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.