نەختینە، جیاوازیی داهات و خەرجی مووچەیان لە عێراق و هەرێمى کوردستان دواخستووە
رووداو دیجیتاڵ
کێشەى کەمیى نەخیتنە، هۆکارى پشت دواکەوتنى دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەر و مووچەخۆرانی عێراقە کە بەهۆیەوە ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیش دواکەوتووە. عێراق مانگانە پێویستى بە زیاتر لە 8.5 ترلیۆن دینارە وەک خەرجى بەکارخستن و وەبەهێنان، لەکاتێکدا داهاتى هەناردەى نەوتەکەى کەمتر لە 805 تریلیۆن دینارە.
ئەو دۆخە داراییە لە عێراق ناڕوونى لە چارەنووسی دوو مووچەى کۆتایی ئەم ساڵى هەرێمى کوردستان دروست کردووە، بەڵام بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایی خولى پێنجەمى پەرلەمانى عێراق، دادگەى فیدراڵی ئەوەى یەکلا کردووەتەوە کە مووچە لە پشکى هەرێمى کوردستان جیا بکرێتەوە و مووچە دەبێتە سپاردە لە ئەستۆى بەغدا.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینە لەبەردەست وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەیە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا بە رووداوی گوت، "دەبوو رۆژی یەکشەممە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ فەرمانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانى عێراقى دەربکردایە. ئەگەری هەیە ئەو بڕیارە بکەوێتە ئەمڕۆ دووشەممە."
بڕیارى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ وایە کە دواى دابەشکرنى مووچەى فەرمانبەرانى وەزارەت و دامەزراوەکانى حکومەتى فیدراڵى، پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان بنێرێت.
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى دارایی فیدراڵ بۆ ئەم ساڵ، مانگانە عێراق پێویستى بە 9.2 تریلیۆن دینارە بۆ خەرجى گشتى بە بودجەى بەکارخستن و وەبەرهێنان، لەو بڕە 7.3 ترلیۆن دینارى بۆ مووچەیە.
بۆ دەستبەرکردنى خەرجى، عێراق 90% پشت بە داهاتى نەوتى دەبەستێت، لەکاتێکدا لە مانگى تشرینی یەکەمى رابردوودا تێکڕاى نرخى ئەو نەوتەى عێراق بۆ 60 دۆلار دابەزیوە.
ئامارەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) دەری خستووە کە مانگى رابردوو 110.6 ملیۆن بەرمیل نەوت فرۆشتووە کە داهاتەکەى بە نرخى فەرمی دۆلار دەکاتە 8.6 تریلیۆن دینار، ئەوەش بەبێ لێدەرکردنى تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت.
مەنار عوبێدى، سەرۆکى دامەزراوەى عێراقى داهاتوو بە رووداوى گوت، "پرسەکە پەیوەندارە بە قەیرانێکى ئابوورى گەورەوە کە کەمبوونەوەى داهات و زیادبوونى خەرجییە کە لە ساڵی 2022 ەوە دەستى پێکردووە. گەڕان بەدواى سەرچاوەى دیکەى داهات جگە لە نەوت نییە و قەبارەى کورتهێنان لە چارەکى سێیەکى 2025 گەیشتووەتە 10 تریلیۆن دینار."
سەرچاوەکەى رووداو لە بەغدا ئاماژەی بەوەدا کە جگە لەوەی کێشەی کەمی پارەی نەختینە هەیە، بەگوێرەی روونکردنەوەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی حکومەتی کاربەڕێکەر، ئەو حکومەتە ناتوانێت قەرز لە بانکەکان بکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پارەی نەختینە.
ئەو پرسە داراییە چارەنووسى مووچەى دوو مانگى کۆتایی ئەم ساڵى هەرێمى کوردستانى بە نادیارى هێشتەوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "لە کۆتایی ساڵد بودجە دادەخرێت و ئەوەی پەیوەندیدارە بە خەرجی وەبەرهێنان کە خەرج نەکرابێت دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، بەڵام مووچەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە پشکی بودجەکەی جیاکراوەتەوە و ناگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت و دەبێتە ئەمانەت لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی کە دەبێت بیدات."
لە کۆتایی مانگى ئەیلوولى 2025 ەوە نەوتى هەرێمى کوردستان لەرێگەى کۆمپانیاى سۆمۆ هەناردە دەکرێ، وەک پاڵپشتییەکى دارایی بۆ ناردنى مووچەى هەرێمى کوردستان.
بەگوێرەى ئامارەى سۆمۆ، مانگى تشرینى یەکەمى 2025 زیاتر لە 5.8 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە هەناردەکراوە.
نرخی ئەو نەوتە بە نرخى فەرمانى دەگاتە زیاتر لە 450 ملیار دینار، بەو پێیە لەگەڵ 120 ملیار دینارى رادەستکراو داهاتى مانگانە، هەرێمى کوردستان زیاتر لە 60%ى ئەو بڕە پارەیە دابین دەکات کە بەغدا پێویستە بۆ مووچەى مانگێک بینێرێت کە نزیکەى یەک تریلیۆن دینارە.