زیو پێوانەی مێژوویی دەشکێنێت؛ ئۆنسەیەک 70 دۆلاری تێپەڕاند

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی ئۆنسەیەک زیو 30 سەنتی دیکە بەرزبووەوە و گەیشتە 72.29 دۆلار. کیلۆیەکیشی بە 2,324 دۆلارە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، زیو گەیشتبووە 72.54 دۆلاریش کە بەرزترین ئاستی نرخەکەیەتی لە مێژوودا.
 
چوار رۆژی لەسەریەکە زیو ئاستی پێوانەیی لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی تۆماردەکات.
 
تەنیا لە یەک هەفتەی رابردوودا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو نزیکەی حەوت دۆلار بەرزبووەتەوە؛ لە یەک مانگی رابردووشدا 23 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
هاوکات لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە، 150٪ بەرزبووەتەوە.
 
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە واشنتۆن رێکاری توندی دژی تانکەرە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا گرتەبەر و کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ڤەنزوێلاش رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بووەوە، ئەم ناسەقامگیرییانەش وایکردووە وەبەرهێنەران روو لە کڕینی زیو بکەن.
 
لەلایەکی دیکەوە، لێدوانەکانی کریستۆفەر واڵەر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕ دروستکردووە. 
 
واڵەر ئاماژەی بەوە کردووە کە بانکەکەیان دەرفەتی زیاتری لەبەردەمدایە بۆ سووککردنی سیاسەتی نەختێنەیی، ئەمەش وایکردووە بازرگانان پێشبینی بکەن کە ساڵی داهاتوو بانکەکە دوو جار رێژەی سوود کەمبکاتەوە.