ریپڵ جۆرێکی دراوی دیجیتاڵییە لە ساڵی 2012 لە ئەمریکا دروستکراوە، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 کۆمیتەی ئاسایش و ئاڵوگۆڕەکانی وڵاتەکە سکاڵای لەسەر ریپڵ تۆمارکرد و لە ماوەی چەند کاژێرێک 30٪ بەهاکەی لەدەستدا، کڕیارانی دراوەکەش نیگەرانن و هیوادارن کۆمپانیاکە بتوانێت کەیسەکە لە دادگە بباتەوە.
دیناری عێراقی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پشتگیری دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە خەڵک متمانەیان پێی نییە و سەرمایەکانیان بە دۆلار هەڵدەگرن، بەڵام دراوی دیجیتاڵی کە هیچ شوێنێک پاڵپشتی ناکات، بەشێک لە خەڵک متمانەی پێدەکەن و مامەڵەی پێوەدەکەن، بۆ نموونە بیتکۆین کە پێشەنگی هەموو دراوە دیجیتاڵییەکانە تەنانەت خاوەنەکانیشی دیار نین.
ساتوشی ناکامۆتۆ لە ساڵی 2008 یەکەم دراوی دیجیتاڵی دروستکرد بە ناوی بیتکۆین، بەڵام کەس تاوەکو ئێستا نازانێت ساتوشی کێیە، تەنانەت دیار نییە کە یەک کەسە یان ناوی گرووپێکە. لە سەرەتای دروستکردنی دراوەکە، 10 هەزار بیتکۆین بە هەشت دۆلار بوو. بەڵام لە کاتی نووسینی ئەم راپۆرتە ئەو 10 هەزار بیتکۆینە دەکاتە نزیکەی 326 ملیۆن دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد، ئەوەش وایکرد خەڵکی زیاتر روو لە کڕینی ئەو دراوانە بکەن و خواستی زیاتریان لەسەر دروست بێت، چونکە هەر کاڵایەک خواستی زیاتری لەسەر بێت نرخی بەرزدەبێتەوە. لە هەرێمی کوردستانیش چەندین کەس هەن کە دەستیانکردووە بە کڕین و بازرگانی کردن بەو دراوانە.
کڕیارانی دراوە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان لە گرووپی تێلێگرام، وەستئەپ و فەیسبووک کۆدەبنەوە و لەبارەی نرخی دراوەکان راوێژ بە یەکدی دەکەن، تەنانەت هەندێکیان وەکو مامۆستا هاوکاریی خەڵک دەکەن و پێیان دەڵێن کە لە چ کاتێکدا چ جۆرە دراوێک بکڕن و کەی بیفرۆشنەوە.
توانا بەکر نزیکەی پێنج ساڵە مامەڵەی دراوی دیجیتاڵی دەکات و بە گوتەی خۆی "شارەزاییەکی باشی" هەیە، بۆیە لە گرووپەکان هەمووان گوێی لێدەگرن و ئەویش راپۆرتی شیکاری بڵاودەکاتەوە و پێشبینییەکانی خۆی دەنووسێت.
توانا بەکر لەبارەی دەستپێکی مامەڵەکردن بە دراوی دجیتاڵی دەڵێت: سەرەتا بە 10 هەزار دۆلار دەستی بەو کارە کردووە و نزیکەی 35 هەزار دۆلار قازانجی کردووە، زۆرتریش مامەڵە بە بیتکۆین، ئیسیریەم و ریپڵ دەکات.
لە هەرێمی کوردستان دیار نییە کە چەند ئامێری ماینینگ هەیە، بەختیار مەحموود، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "تەنیا لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی لە هەفتەیەکدا بە بەهای 100 هەزار دۆلار ئامێری ماینینگ کڕدراوە".
تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: هیچ ئامێرێکی ماینینگ لەڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە نەهاتووەتە هەرێمی کوردستان، هەروەها راشیگەیاند: هاوردەکردنی ئەو ئامێرانە پێویستی بە مۆڵەتی فەرمییە و تاوەکو ئێستا هیچ ئامێرێکی وەهایان لە فڕۆکەخانەکە نەبینیوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا هیچ ئامێرێکی ماینینگ لە فڕۆکەخانەی هەولێر نەبینراوە.
دکتۆر نەرمین مەعرووف، راگری کۆلێژی بازرگانی لە زانکۆی سلێمانی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ـی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی شێوازی کارکردنی دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت: لەبەر ئەوەی دراوە دیجیتاڵییەکان هیچ پاڵپشتێکیان نییە، ئەگەر بەهاکەیان لەدەستبدەن هیچ لایەنێک نییە قەرەبووی زیانبەرکەوتووان بکاتەوە. لەبەر ئەوە مامەڵە کردن بەو دراوە "ریسکە".
هەروەها دکتۆر نەرمین دەشڵێت: لە هەرێمی کوردستان زۆربەی خەڵک وەکو بەدەستهێنانی سامان دراوی دیجیتاڵی دەکڕن، نەوەکو ئاڵوگۆڕ و بەکارهێنان و، کەسێک ئەگەر زانیاری و شارەزایی نەبێت دووچاری شکست دەبێت.
سیروان عەلی کە دانیشتووی سلێمانییە و دووکانی جوانکاری هەیە، لەگەڵ کارەکەیدا کڕین و فرۆشتن بە دراوی دیجیتاڵییەوە دەکات دەڵێت، بەهۆی گۆڕینەوەی جۆرێک دراو و نەشارەزایی زیانێکی زۆری کردووە، چونکە ساڵی 2017 بە بەهای نزیکەی 30 هەزار دۆلار بیتکۆینی هەبووە کە ئەو کات نرخی هێندەی ئێستا بەرز نەبوو، بەڵام بڕیاری دابوو بیتکۆینەکانی بگۆڕێت بۆ چەند جۆرێکی دیکەی دراوی دیجیتاڵی وەکو ئێکس ئار پی و ئیسیریەم، لەو ئاڵوگۆڕەدا نزیکەی 20 هەزار دۆلار زەرەری کردووە.
لە هەرێمی کوردستان بە چەند شێوازێک مامەڵە بە دراوی دیجیتاڵی دەکرێت، بەشێک لە خەڵک لەڕێگەی کۆمپانیای تایبەتەوە مامەڵە بەو دراوانە دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکە بڕێک پارە وەردەگرێت لە بەرامبەر کڕینی دراوە دیجیتاڵییەکان بەشێک لە خەڵک خۆیان لەڕێگەی کارتی بانکییەوە دراوی دیجیتاڵی دەکڕن.
سامان ئەحمەد، دانیشتووی شارۆچکەی تەق تەقە لەبارەی چۆنێتی کڕینی دراوە دیجیتاڵییەکان بە رووداوی گوت: خۆی لەڕێگەی کارتی بانکییەوە ئەو دراوانە دەکڕێت، هەروەها بۆ ئەوەی کەمتر زەرەر بکات تەنیا یەک جۆر دراوی نەکڕیوە، بەڵکو چەند جۆرێکی کڕیوە وەکو کاردان، دۆجکۆین، لایت کۆین و راڤ ستێڵەر، سامان ئەحمەد دەشڵێت: "سەرەتا بە 800 دۆلار دەستی بە کڕینی ئەو دراوانە کردووە و لە ماوەی مانگێکدا نزیکەی 500 دۆلار قازانجی کردووە".
بەهۆی ئەو سزا ئابوورییەی لەسەر بەشێک لە بانکەکانی عێراقەوە هەیە، هەندێکجار کڕینی کەلوپەل لە دەرەوەی وڵات لەڕێگەی کارتی بانکییەوە سەرکەوتوو نابێت بەتایبەت کۆمپانیا ئەمریکییەکان، ئەوەش بەپێی ئەو پلاتفۆرمەی کە کاڵاکەی لێوە دەکڕدرێت.
بۆ نموونە لە پلاتفۆرمێکی وەکو OKex هەرچەندە دروستکردنی هەژمار لە عێراقەوە رێگە پێدراوە، بەڵام رێگە نادات راستەوخۆ کڕین و فرۆشتن لە بانکەکانی عێراقەوە ئەنجامبدریت، یان پلاتفۆرمێکی دیکە وەکو لۆکال بیتکۆین داوای بەڵگەنامە دەکات بۆ پاڵپشتیی کڕینی دراوەکە.
ئامانجی ساتوشی ناکامۆتۆ ئەوە بوو دراوێک دروستبکات کە هیچ حکومەت و لایەنێک ئاگاداری گواستنەوە و مامەڵەکردن پێیەوە نەبێت، بەو هۆیەشەوە تاوەکو ئێستا دیار نییە کە لە هەرێمی کوردستان چەند کەس و چەند پارە لەو دراوانە خەرج کراون.
یەكێک لە سوودەکانی دراوی دیجیتاڵی خێرایی گواستنەوەیەتی، هەر بیتکۆینێک 10 خولەکی پێویستە بۆ گواستنەوە، لە بەرامبەردا گواستنەوەی دراو لە پەیپاڵ نزیکەی 30 خولەک دەخایێنێت.
کاردۆ کەمال لەبارەی تایبەتمەندێتییەکانی دراوی دیجیتاڵی دەڵێت: دراوی دیجیتاڵی زۆر خێراتر دەتوانێت بەهای پارە بگوازێتەوە. هەروەها لەکاتی ناردنی دراوەکە پارەیەکی کەمتر دەدرێت بۆ گواستنەوەی.
ئەگەرچی تەمەنی دراوە دیجیتاڵییەکان ناگاتە 13 ساڵ، بەڵام تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار جۆریان لە بازاڕەکاندا هەن و مامەڵەیان پێوە دەکرێت، بەشێکیشان بەهۆی ئەو کێشانەی لەلایەن حکومەتەکانیانەوە بۆیان دروستدەبێت نرخیان دادەبەزێت و بەتەواوی مایەپووچ دەبن، بەو هۆیەشەوە شارەزایانی ئابووری جەخت لەوە دەکەنەوە کە مامەڵەکردن بەو دراوانە مەترسیدارن و شارەزاییەکی باشی دەوێت. بەختیار مەحموود مەلا ئەمین لەو بارەیەوە دەڵێت: "مامەڵەکردن بەو دراوانە بەبێ شارەزایی و نەبوونی هیچ دامەزراوەیەک کە بەرگرییت لێبکات، کارەساتە".
هەروەها دکتۆر دلاوەر مەهدی، مامۆستای ئابووری لە زانکۆی کۆمار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دراوە دیجیتاڵییەکان زۆر بەرز و نزم دەکەن، لەبەرئەوە دەبێت بە شارەزاییەکی باشەوە مامەڵە بەو دراوانە بکرێت، هەروەها دەشڵێت: دراوە دیجیتاڵییەکان زۆرتر بۆ خۆدزینەوە لە چاودێریکردن بەکاردێت، "بۆ نموونە هاککەرەکان ناتوانن لەڕێگەی هەژماری بانکییەوە پارە وەربگرن، چونکە چاودێری دەکرێن، بەڵام دراوی دیجیتاڵی ئەوەیان بۆ چارەسەر دەکات، هەروەها رێکخراوە تیرۆرستییەکانیش دەتوانن سوود لەوە وەرگرن".
ئەو دکتۆرەی زانکۆی کۆمار پێیوایە ئەگەر دراوە دیجیتاڵییەکان رێکبخرێن و لەژێر چاودێری بن، ئەوا متمانە پێیان زیاتر دەبێت، بۆ نموونە ئەو دراوەی کە کۆمپانیای فەیسبووک دەیەوێت دروستی بکات بە ناوی دیێم.
کۆمپانیای فەیسبووک دەیەوێت لە ساڵی 2021 دراوی دیێم کە بە لیبرا ناسراوە بخاتە بازاڕەوە، بەڵام جیاواز لە دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکە، ئەوان دەیانەوێت متمانەی حکومەتی ئەمریکا بەدەستبهێنن، بەشێوەیەک کە لە بەرامبەر دروستکردنی هەر دیێمێک دۆلارێکی ئەمریکی دابنێن، دکتۆر دلاوەر پێیوایە کۆمپانیای فەیسبووک ئەگەر لە هەنگاوەکەی سەرکەوتوو بێت، ئەوا دراوەکەی لە هەمووان زیاتر جێگەی متمانەیە.
یەكێکی دیکە لە دراوە دیجیتاڵییەکان کە بە دۆلار پاڵپشتیدەکرێت USDtـە، ئەو دراوە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە رایگەیاندبوو کە لە بەرامبەر هەر تۆکنێکی USDt یەک دۆلار لای خۆیان دادەنێن، بەڵام دیار نییە کە لەسەر ئەو پلانەیان بەردەوام دەبن یان وەکو زێڕ بەرامبەر بە دۆلار رۆژێك دێت کە لە بڕیارەکەیان دەکشێنەوە.
لە ساڵی 1944 کۆبوونەوەیەک لە ویلایەتی هامشایەری ئەمریکا بە بەشداریی 44 وڵات کرا، لەو کۆبوونەوەدا رێککەوتن لەسەر ئەوە کرا لە بەرامبەر هەموو دۆلارێک کە دەخرێتە بازاڕەوە بڕێک زێڕ لە بانکەکانی ئەمریکا هەڵدەگیرێت، بەڵام لە ساڵی 1971 کاتێک ئەمریکا تووشی قەیرانێکی دارایی بووە و ریچارد نیکسۆن، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا بە فەرمی وازی لە رێککەتنەکە هێنا و رایگەیاند، چیدیکە لە بەرامبەر دروستکردنی دۆلار، زێڕ هەڵناگرن.
لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کۆمپانیای فەیسبووک لە ئایندە واز لە هەڵگرتنی دۆلار بهێنێت لە بەرامبەر هەر دیێمێک، دکتۆر دلاوەر گوتی: "کۆمپانیای فەیسبووک بەشێوەیەکی رێکخراو ئەو دراوە دروستدەکات و پێم وانییە بتوانێت واز لە هەڵگرتنی دۆلار بهێنێت".
یەکێک لە تایبەتمەندێتی زۆربەی دراوە دیجیتاڵییەکان ئەوەیە کە ناوەندی نییە، واتە هیچ لایەنێکی یان حکومەتێک پاڵپشتی ناکات، ئەوەش وادەکات کە هیچ لایەنێک نەتوانێت چاودێریی ئاڵوگۆڕەکان بکات، بەڵام ئەوەی کۆمپانیای فەیسبووک دەیەوێت بیکات هەنگاوێکی نوێیە بۆ ناوەندیکردنی جۆرێک لە دراوی دیجیتاڵی.
چۆن دراوە دیجیتاڵییەکان بەخێرایی گەشەدەکەن و بڵاودەبنەوە؟
دراوە دیجیتاڵییەکان سەرەتای دروستبوونیان بێبەرامبەر بڕێکی دیاریکراو پارە بە بەکارهێنەرانیان دەدەن تەنیا بۆ تاقیکردنەوەی چۆنێتی کارکردن و ئاستی سەرکەوتوویی سیستەمەکەیان. پای نێتوۆرک جۆرێکی نوێی دراوی دیجیتاڵییە کە بەو مێکانیزمە دەستی بە کارەکانی کردووە.
تاوەکو ئێستا ناتوانرێت هیچ بازرگانییەک بە پای نێتوۆرک بکرێت، لەبەر ئەوە لە بازاڕەکاندا هیچ نرخێکی نییە، بۆ بەدەستهێنانی پای تەنیا پێویستە هەژمارێک دروستبکرێت و رۆژانە سەردانی ماڵپەڕەکەیان بکرێت.
هەروەها پای نێتوۆرک بۆ دەوڵەمەندکردن و زیادکردنی بەکارهێنەراکانیان رێگەیەکی دیکەشیان گرتووەتەبەر کە ئەویش پێدانی ئۆفەرە بۆ هەر کەسێک کە هاوڕێیەکی بانگهێشت بکات بۆ کڕینی پای، هەر بەکارهێنەرێک هاوڕێکانی بانگهێشت بکات پلەیەکی بەرزتری پێدەدرێت و پای زیاتر بەدەستدەهێنێت.
پای نێتوۆرک لە ساڵی 2019 دەستی بە کارەکانی کرد و تەنیا لە ماوەی دوو مانگدا ژمارەی بەکارهێنەرانیان گەیشتە شەش هەزار کەس. لە مانگی نیسانی 2020 نرخی یەک پای بەرامبەر بە 0.0031 دۆلار بوو، بەڵام کۆمپانیاکە پێشبینی ئەوە دەکات لە ساڵی 2025 نرخەکەی بۆ 5 دۆلار بەرز بکاتەوە، هەروەها نرخی یەک پای لە 2030 بگاتە 52 دۆلار.
بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیاکە ژمارەی بەکارهێنەرانی 10 ملیۆن کەسی تێپەڕاند. عەلی گێندەڵ، گەنجێکی دانیشتووی دهۆکە کە دەڵێت: تاوەکو ئێستا هیچ پارەیەکی بۆ کڕینی پای خەرج نەکردووە و رۆژانە پایەکانی زیاد دەبن.
بیتکۆین چۆن دروستدەکرێت؟
دروستکردنی دراوێک کە بەرجەستە نەبێت و تەنیا کۆد و زانیاریی ئەلیکترۆنی بێت، پێویستی بەوە هەیە کە سیستەمێکی ئاسایشی بەهێزی هەبێت. یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی بیتکۆین ئەوەی کە تاوەکو ئێستا کەس نەتوانیوە سیستەمەکە هاک بکات. زانیارییەکانی بیتکۆین لەسەر کۆمەڵێک بلۆک هەڵدەگیرێن کە پێیان دەگوترێت "بلۆکچەین" واتە زنجیرەیەکی بلۆکی.
هەر بلۆکێک کۆمەڵێک زانیاری لەسەر هەڵدەگیرێت کە بریتین لە:
1. هاش: پێکهاتووە لە 64 ژمارە، وەکو پەنجەمۆری بلۆکە، هاشی هیچ بلۆکێکی لە یەکێکی دیکە ناچێت.
2. هاشی پێشوو: ئەم بەشە بۆ بەستنەوەی بلۆکەکانە بەیەکدی، واتە هەر بلۆکێک جگە لە هاشەکەی خۆی، هاشی بلۆکەکەی پێش خۆی هەڵدەگرێت، لەبەر ئەوە هەر کەسێک بیەوێت بلۆکەکە بکات بە هی خۆی دەبێت هەموو زنجیرەکان بگۆڕێت کە ئەوەش کارێکی ئەستەمە.
3. ناوی خاوەنی بلۆکەکە و خاوەنەکانی پێشتر.
لە ساڵانی سەرەتای دروستکردنی بیتکۆین بەشداربووان دەیانتوانی لەڕێگەی کۆمپیوتەرێکی سادەوە بلۆک دروستبکەن، بەڵام ئێستا ژمارەی هاشەکان هێندە ئاڵۆز بوون کە دەبێت بە ئامێرێکی تایبەت پرۆسەی ماینینگ بکرێت.
ماینینگ پرۆسەیەکە بۆ دروستکردنی بلۆکچەین بەبێ ئەوەی پێویست بکات راستەوخۆ بکڕدرێت، ئێستا ژمارەیەکی زۆر ئامێری ماینینگ لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە کە تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمی لەو بارەیەوە لە بەردەست نییە.
هەر ئامێرێک بتوانێت خێراتر بگاتە ژمارەی هاشێکی دیاریکراو، ئەوا بلۆکچەینەکە بۆ ئەو ئامێرە دەبێت. پاشان زانیارییەکە دەگوازرێتەوە بۆ هەموو ئەو کۆمپیتەرانەی کە ماینینگ دەکەن، بەو شێوەیەش ئاسایشی بلۆکچەینەکە پارێزراو دەبێت.
کاردۆ کەمال پێیوایە لەبەرئەوەی سیستەمی ئاسایشی بەشێک لە دراوە دیجیتاڵییەکان لەسەر بلۆکچەین بنیاتنراوە و هاککردنی ئەستەمە، داهاتووی هەموو پارەکان بۆ دراوی دیجیتاڵییە.
ئەگەر پاسوۆردی واڵێتەکەت بیربچێتەوە چۆن وەریدەگریتەوە؟
واڵێت (جزدان) ئەو شوێنەیە کە دراوە دیجیتاڵییەکانی تێدا هەڵدەگیرێت، لە کاتی دروستکردنی واڵێت وشەی نهێنی و وشەی نهێنیی پاڵپشتیکەر دادەنرێت. ئەگەر بەکارهێنەرێک وشەی نهێنییەکەی بیر بچێتەوە دەتوانێت لەڕێگەی وشەی نهێنیی پاڵپشتیکەر واڵێتەکەی بکاتەوە.
جیاوازیی سیستەمی بلۆکچەین لەگەڵ هەژمارەکانی دیکە لەوەدایە وشەی نهێنی بەکارهێنەرەکان لای کۆمپانیاکە هەڵناگیرێت، لەبەر ئەوە ئەگەر کەسێک وشەی نهێنی و وشەی نهێنیی پاڵپشتیکەری بیربچێتەوە، هیچ رێگەیەکی دیکەی نییە بۆ گەیشتن بە واڵێتەکەی.
کۆمپانیای بیتکۆین لە سەرەتای دروستبوونییەوە وای داناوە کە 21 ملیۆن بیتکۆین دروستبکات، ئەو سنووردانانە بۆ ژمارەی بیتکۆینەکان وای کردووە نرخەکەی بەرزبێتەوە. تاوەکو ئێستا نزیکەی 18 ملیۆن بیتکۆین لە جیهاندا هەن، بەپێی ئەو خەمڵاندنەی کۆمپانیاکە کردوویەتی لە ساڵی 2140 ژمارەی بیتکۆینەکان دەگاتە 21 ملیۆن و لە دروستکردنی دەوەستن.
ئێران چۆن سوود لە دراوە دیجیتاڵییەکان وەردەگرێت؟
دکتۆر دلاوەر لەبارەی بەکارهێنانەکانی دراوی دیجیتاڵی دەڵێت، لەبەر ئەوەی دراوەکان چاودێری ناکرێن "ئێران دەتوانێت لەو رێگەیەوە خۆی لە سزا ئابوورییەکان بدزێتەوە".
بەکارهێنانی ئامێری ماینینگ پێویستی بە وزەیەکی کارەبای زۆر هەیە، مستەفا مەشهەدی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای ئێران بە ئاژانسی هەواڵیی ئیرنای راگەیاند: زیاتر لە 300 مێگاوات کارەبای بێمۆڵەت بۆ دروستکردنی دراوی دیجیتاڵی بەکاردەهێنرێت و بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی دابینکردنی کارەبا لە وڵاتەکە.
لە ئێران بەشێک لە کارگەکان وەستێنراون و کراون بە شوێنی دروستکردنی بیتکۆین، بەپێی ئاماری فەرمیی حکومەتی وڵاتەکە 3.8٪ـی بیتکۆینی جیهان لەو وڵاتە بەرهەمدەهێندرێت.
ماوەی چەند هەفتەیەکە بەشێک لە ئێران تووشی کەمیی کارەبا بوون، کە بەرپرسانی وڵاتەکە کێشەی کەمیی کارەبا دەخەنە ئەستۆی کارگەکانی بەرهەمهێنانی بیتکۆین.
محەممەدحەسەن متەوەلازادە، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبای ئێران دەڵێت: دەستیان بەسەر 45 هەزار ئامێری ماینینگدا گرتووە کە بەشێوەی نایاسایی کاریان کردووە. بە گوتەی محەممەدحەسەن لەبارەی بەکارهێنانی کارەباوە رایگەیاند: ئەو ئامێرانە نزیکەی 100 مێگاوات کارەبا بەکاردەهێنن.
بەهۆی هەرزانیی نرخی کارەبا لە ئێران، بەشێک لە کۆمپانیا چینییەکان چوونەتە ئێران بۆ دروستکردنی بیتکۆین. سەرەڕای نیگەرانیی بەشێک لە بەرپرسان و خەڵکی ئێران، بەڵام کۆمپانیای چینی-ئێرانی ئای دی جی توانیویەتی مۆڵەتی فەرمی لە حکومەتی ئێران وەربگرێت بۆ کارکردن لە وڵاتەکە.
مەحمود واعزی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: تاوەکو ئێستا حکومەتی ئێران کاری بە بیتکۆین نەکردووە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوو ئامێری بەرهەمهێنانی بیتکۆین هێنراونەتە ئێران و ئەوان هەوڵیانداوە دروستکردنی بیتکۆین رێکبخەن و یاسایەکی بۆ دابنێن.
کاردۆ کەمال، شارەزای بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان لەبارەی رێگەپێدانی وڵاتان بە بەکارهێنانی دراوی دیجیتاڵی دەڵێت: سەرەتا کە دراوی دیجیتاڵی دروستبوو هەموو وڵاتەکان دژایەتییان دەکرد، بەڵام کاتێک زانیان ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن، بۆیە ناچاربوون رێگە بە بەکارهێنانی بدەن.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بەکارهێنانی دراو، سەرەتا خەڵک بە کۆینێک مامەڵەیان دەکرد کە لە زێڕ یان لە ماددەیەکی بەنرخ دروستکرابوو، بەڵام دواتر لە سەدەی حەوت بۆ یەکەمجار لە چین دراوی کاخەز بەکارهێنرا کە پاڵپشتیکردنی بازرگانێک نرخی بە کاخەزەکە دەبەخشی. لەبەر ئەوە ئەگەرچی ئێستا دراوی دیجیتاڵی نوێیە و بەشێکی کەمیی خەڵک مامەڵەی پێوەدەکات، بەڵام بەشێک لە شارەزایانی ئابووریی پێیانوایە داهاتووی دراوەکان بۆ دراوی دیجیتاڵییە.