بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رووداو: بەرپرس نین لە جیاوازیی نرخی فەرمی و نافەرمیی دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، ئەوان بەرپرسیار نین لە جیاوازیی نرخی فەرمیی دۆلار و ئەو نرخەی لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوەدەکرێت. پێناسی گومرگیی پێشوەختەش بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەزانێت.
رۆژی چوارشەممە 25ی شوباتی 2026 عەلا فەهد، بەرپرسی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بانکی ناوەندی هەوڵی داوە هەموو بازرگانان، تەنانەت بازرگانە بچووکەکانیش، بێنە ناو بازاڕی فەرمی و پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی لە رێگەی بانکە جیهانییەکانەوە ئەنجام بدەن."
گوتیشی، "ئەم جیاوازییەی ئێستا لە نرخەکاندا هەیە، دەرەنجامی ئەو رێکارە نوێیانەیە کە بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە پێناسی گومرگیدا گیراونەتەبەر. زۆربەی بازرگانان روویان لە بازاڕی نافەرمی کردووە بۆ پارەدارکردنی بازرگانییەک کە فەرمی نییە، بۆ ئەوەی لە باج و گومرگ رابکەن."
ماوەیەکە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە دابەزیندایە و ئەمڕۆ چوارشەممە، 100 دۆلاری ئەمریکی بە 153 هەزار دینارە.
ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، "بانکی ناوەندی بەرپرسیار نییە لەم بەرزبوونەوە و جیاوازییە، چونکە پەیوەندیی بە پارەدارکردنی داواکارییەکەوە هەیە کە بازرگانیی فەرمی نییە."
تاوەکو ئێستا 22 بانکی عێراق لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەشکراون. لەبارەی چاکسازیی بانکی و بانکە سزادراوەکانەوە عەلا فەهد ئاماژەی بەوە کرد، "بانکی ناوەندی هەوڵ و پلانێکی هەیە بۆ چاکسازیی بانکی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمەن، بۆ پەرەپێدانی کاری بانکی و پابەندبوونی دارایی بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان."
دەشڵێت، "بەرزکردنەوەی ئاستی پابەندبوون بە مەرجە جیهانییەکان و گشتگیریی دارایی، رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە کەمکردنەوەی بێبەشکردنی ئەم بانکانە لە مامەڵەکردن بە دۆلار و گەڕانەوەیان بۆ ناو پرۆسەی حەواڵەی بازرگانیی دەرەکی بە شێوەیەکی پلەبەندی."
ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندی دڵنیایی دەدات، "ئەم پلانە لەگەڵ کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمەن گەیشتووەتە قۆناخی باش و، بە تەواوبوونی کەرتی بانکی بە هەموو بانکە حکومی و تایبەتەکانەوە پەرەی پێدەدرێت."
ئێستا لە عێراق 64 بانک و 101 دامەزراوەی دارایی بانکی و نابانکی هەن، کە 70یان دامەزراوەی دارایی بانکین و 31یشیان نابانکین، هاوکات زیاتر لە 67 هەزار کۆمپانیا هەن کە کاروباری داراییان لە رێگەی ئەم دامەزراوانەوە رێکدەخرێن.