نرخی نەوت بە رێژەی 5% دابەزی؛ 'بازاڕی نەوت لە گەورەترین نادڵنیاییدایە'

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە بە رێژەی 5% دابەزی، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ ئێران لە دانوستاندندان.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ چوارشەممە دابەزی بۆ نزیکەی 99 دۆلار. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە دابەزی و بەرمیلێکی بە 87 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێرانی راوەستاندووە و ئێران بەنیازە لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت.
 
درەنگانی رۆژی سێشەممە نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ئەمریکا 15 داواکاریی بۆ ئێران ناردووە بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ بهێنێت.
 
هێشتا وردەکاریی ئەوە دیار نییە کە ئەو داواکارییانەی ئەمریکا چۆن لە رێگەی پاکستانەوە گەیشتوونەتە دەستی بەرپرسانی ئێرانی و لە نێوخۆی ئێران دا چۆن مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.
 
هەروەها دیارنییە ئایا ئێسرائیل پاڵپشتی لەو داواکارییانە دەکات و بە ئاگربەستێک رازی دەبێت کە لە نێوان ئێران و ئەمریکا دا بکرێت.
 
گۆڵدمان ساکس لەو بارەیەوە رایگەیاند، بازاڕی نەوت رووبەڕووی گەورەترین نادڵنیایی و ناڕوونی بووەتەوە.