وەزیری ئابووریی فەرەنسا: رێککەوتنی ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر پێناسە گومرگییەکان دوورە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ئابووریی فەرەنسا رایگەیاند، ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا لەسەر پرسی پێناسە گومرگییەکان زۆر دوورە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەورووپا دەیەوێت دەرچەیەک لە تەنگژە بازرگانییەکانی واشنتن بدۆزێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 24-04-2025 ئێریک لۆمبارد، وەزیری ئابووریی فەرەنسا رایگەیاند، "ئەو راستییە ناشارینەوە کە رێگەی رێککەوتن هێشتا زۆری ماوە."
 
وەزیری ئابووریی فەرەنسا ئەو قسەیەی لە هەڤپەیڤینێک لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی لە واشنتن کرد؛ گوتیشی، "هەرچەندە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا گەرمە."
 
لۆمبارد گوتی، ئەم هەفتەیە لەگەڵ کێڤن هاسێت، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئابووریی نیشتمانیی ئەمریکا؛ هاوارد لەتنیک، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا و سکۆت بێسێنیت، وەزیری گەنجینە کۆبووەتەوە.
 
ئەو وەزیرە فەرەنسییە هیوای خواست بەرپرسانی ئەمریکا "بەزووترین کات هەنگاو بنێن." لۆمبارد گوتی، لە کۆبوونەوەکاندا ئەورووپا بە "هاوڕێ و هاوپەیمان" وەسف کراون.
 
لەوکاتەوەی ترەمپ لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ گەڕایەوە کۆشکی سپی، 10%ی پێناسی گومرگی بەسەر زۆربەی هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکای سەپاندووە، ئەمە جگە لە باجی قورس بۆ سەر ئاسن، ئەلەمنیۆم و ئۆتۆمبێل.
 
یەکێتیی ئەورووپا لەو پێناسە گومرگییانە بێبەش نەبووە، هەرچەندە ئەمریکا بڕیاری دا 90 رۆژ سەپاندنی باجەکان رابگرێت.
 
وەزیری ئابووریی فەرەنسا پێشبینیی "هەوراز و نشێو"ـی لە کۆبوونەوەکاندا کرد.