شاندێکی عێراق و ئەحمەد شەرع تاوتوێی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە خاکی سووریادا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەو شاندەی عێراق کە سەردانی سووریای کرد، دەڵێت، لەگەڵ ئەحمەد شەرع تاوتوێی چەند پرسێکی ئەمنی و هەناردەکردنی نەوتی عێراقیان بە خاکی سووریادا کردووە.
رۆژی هەینی 25ی نیسان، میدیای عێراق لە زاری یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، "شاندی عێراقی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکومی کۆبووەوە، باس لە هاوکاریی هاوبەش لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تووندوتۆڵکردنی سنوور، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق لە خاکی سووریاوە بۆ بەندەرەکان لە دەریای سپیی نێوەڕاست کرا."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "سەرۆکی سووریا ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ عێراق نیشانداوە."
شاندی عێراق لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، پشتیوانی و پابەندبوونی عێراقی بە یەکگرتوویی و سەروەری خاکی سووریا دووپاتکردەوە و گرنگی سەقامگیریی سووریا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئاسایشی ناوچەکە دەربڕی.
ئەو شاندەی حکومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە سووریا.
رۆژی 26-12-2024، شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق سەردانی دیمەشقیان کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە.
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لە 8ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەمە دووەم شاندی عێراقییە سەردانی شام بکات.