حەواڵەکردن بۆ بانکی بازرگانیی سووریا دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

"تۆڕی رووبەڕووبوونەوەی تاوانە داراییەکان" (FinCEN)ـی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لێخۆشبوونێکی تایبەتی دەرکردووە کە رێگە بە دامەزراوە داراییەکان دەدات مامەڵە لەگەڵ بانکی بازرگانیی سووریا بکەن و هەژمار بکەنەوە و پارە بگوازنەوە بۆ نێوخۆ و دەرەوەی سووریا.
 
تۆڕەکە دەڵێت، ئەم لێخۆشبوونە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی ئابووری لە سووریا، دوای ئەوەی سەرۆک ترەمپ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی راگەیاند کە بەسەر سووریادا سەپێنرابوون، هەروەها رێگەدان بە فراوانکردنی چالاکییە ئابوورییەکان لە وڵاتەکەدا.
 
بەگوێرەی لێخۆشبوونەکە، رێگە بە دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا دراوە هەژماری نێوەندگیری بکەنەوە و بە کراوەیی بیهێڵنەوە لەگەڵ بانکی بازرگانیی سووریا، ئەمەش لە چوارچێوەی پابەندبوون بە یاساکانی ئەمریکا تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیکردنی دارایی تیرۆر.
 
لێخۆشبوونەکە چەند مەرجێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە: پابەندبوونی تەواو بە پرۆگرامەکانی رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی پشکنینی ورد، پابەندبوون بە سزاکانی دیکەی ئەمریکا، پێشکەشکردنی راپۆرتی دەوری لە کاتی داواکردندا و پێداچوونەوەی بەردەوام بە رێکارە ناوخۆییەکانی دامەزراوە داراییەکان.
 
هەروەها لێخۆشبوونەکە مەرجی ئەوەی داناوە کە ئەو قەوارە و کەسانەی سزاکان دەیانگرێتەوە (لەوانەش ئەوانەی پەیوەندییان بە رووسیا، ئێران، کۆریای باکوور و رژێمی لەسەرکارلابراوی بەشار ئەسەدەوە هەیە) سوودمەند نەبن لەم مامەڵە داراییانە.