نرخی مریشک لە ئێران بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 20 هەزار تمەن

رووداو - هەولێر

تاوەکو هەفتەی رابردوو نرخی هەر کیلۆیەکی مریشک 12 تاوەکو 13 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشک بۆ 18 تاوەکو 19 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە.
 
بەپێی دووکانداران و خاوەن مارکێتەکان لە ئێران، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە چەند رۆژی رابردوودا بەرهەمهێنانی مریشک و دابەشکردنی لە بازاڕەکانی ئێراندا کەمبووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخەکەی بەرزبێتەوە.
 
هەندێ لە فرۆشیاران لە تاران بە کڕیارانیان گوتووە کە مریشکیان نەماوە و دابەشنەکراوە و کەم دەستدەکەوێت.
 
بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لە چەند رۆژی رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە کاتێکدایە کە نرخەکەی لەلایەن ماڵپەڕی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و کانزاکانی ئێران بە 12 هەزار و 900 تمەن دەستنیشانکراوە.
 
زیانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابووریی ئێران فراوان بووە، ئێران کە لەبەر گەمارۆکانی ئەمریکا ناتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشیت بەزۆری پشتی بە هەناردەکردنی کاڵا بەستووە بۆ وڵاتانی دەوروبەری خۆی بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ئەو وڵاتە بە دراوی بیانی دابینبکات. بەڵام بە گوتەی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کێشەی بۆ هەناردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دیکە دروستکردووە.