بانکی رافیدەین قەرز بە دەرچووان و گەنجان و بانکی رەشیدیش قەرزی خانووبەرە دەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی رافیدەین پێدانی قەرزی بە دەرچووان و گەنجان راگەیاند و بانکی رەشیدیش قەرزی خانووبەرە دەدات.
 
بانکی رافیدەین ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025 رایگەیاند، "بە ئامانجی بەرزکردنەوەی دەرفەتەکانی گەنجان بۆ چوونە نێو بازاڕی کار، گوژمەیەکی نوێی قەرزەکانی هەنگاوی دەستپێشخەری خەرج دەکرێت، کە تایبەتە بە پاڵپشتیکردنی خوێندکاران، دەرچووان و گەنجان لە گەڕان بەدوای دەرفەتی کار و چوونە نێو جیهانی بازاڕگەری."
 
بەگوێرەی بانکەکە، "تاوەکو ئێستا 95 کەس لە قەرزەکە سوودمەند بوون، کە رێکارەکانی پێشکێشکردنیان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی بانکی رافیدەینەوە تەواو کردووە و سەرجەم مەرجەکانیان تێدابووە."
 
بانکی رافیدەین جەختی لەوە کردووەتەوە، کارەکانیان بەردەوامە بۆ پێدانی گوژمەی زیاتری پێدانی قەرز لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەدا، "ئەوەش بەپێی کاتی دیاریکراو و پلانی رێکخراو، کە ئامانج لێی ھاندانی چالاکیی ئابوورییە لە نێو گەنجاندا."
 
لەلای خۆیەوە، بانکی رەشید سەرجەم لقەکانی لە بەغدا و پارێزگاکاندا ئاگادار کردووەتەوە، پێشوازی لەو هاووڵاتییانە بکەن، کە دەیانەوێت قەرزی دروستکردنی خانووبەرە وەربگرن.
 
بانکی رەشید رایگەیاندووە، "ئاستی دیاریکراو بۆ قەرزەکە تاوەکو 75 ملیۆن دینارەو درێژخایەن دەبێت، ئامانجیش لێی هاوکاریکردنی هاووڵاتییان و بووژاندنەوەی کەرتی خانووبەرەیە لە عێراقدا."
 
رووداو قسەی لەگەڵ ئەنجوومەنی کارگێڕیی هەردوو بانکەکەدا کرد، هیچکام لەم دوو هەنگاوە نوێیەی بانکی رەشید و رافیدەین پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.