نرخی ئیسیریۆم ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد؛ گەیشتە نزیک 5 هەزار دۆلار


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی هەر ئیسیریۆمێک 27 دۆلار دابەزی و بە 4750 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
ئەمە خۆڕاستکردنەوەیەکی نرخەکەیە و بەهۆی چوونە دەرەوە و راکێشانی قازانج لە لایەن بەشێک لە وەبەرهێنەرانەوە دروست بووە. 
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، نرخی ئیسیریۆم تاوەکو 4,954.81 دۆلار بەرزبووەوە. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخەکەیەتی لە مێژوودا.
 
رۆژی شەممەش، نرخی یەک ئیسیریۆم گەیشتبووە 4 هەزار و 904 دۆلار. بەم پێیە، نرخی ئیسیریۆم بۆ دووەمجار لە دوو رۆژی رابردوودا بەرزترین ئاستی مێژووی تۆمارکردووە.
 
بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکە ئیسیریۆم، دووەم گەورەترین دراوی دیجیتاڵیی لەڕووی بەرزبوونەوەی نرخەوە پێش بیتکۆین کەوتووەتەوە و پێشەنگی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکانی گرتووە. 
 
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای ئارکام، رۆژی شەممە کۆمپانیای "بیتماین ئیمێرشن تێکنۆلۆجیس" کە لەلایەن شارەزای ناسراوی وۆڵ ستریت، تۆم لی، سەرۆکایەتی دەکرێت، بڕی 45 ملیۆن دۆلار ئیسیریۆمی کڕیوە.
 
ئەم گۆڕانکارییە لە پێشەنگایەتیکردنی بازاڕدا یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی ئیسیریۆم ئاستی 4,000 دۆلار بپارێزێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 2021ـەوە چەندین جار هەوڵی تێپەڕاندنی ئەو ئاستەی دابوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
 
بێن کورلاند، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆڕمی توێژینەوەی "دیۆر" دەڵێت: "لە کۆتاییدا کڕیارەکان لە فرۆشیارەکان گەورەتر و زیاتر بوون."
 
کورلاند هەروەها گوتی: "سندووقەکانی ئاڵوگۆڕی ئیسیریۆم رێژەیەکی جێگیری وەبەرهێنان رادەکێشن و کۆمپانیاکانیش دەستیان کردووە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسیریۆم وەک سامانێکی بەهادار کە دەتوانن بۆ بەدەستهێنانی داهات بەکاریبهێنن-ئەمەش خواستێکی بەهێزتر و درێژخایەنتر دروست دەکات بەراورد بە بازرگانیی تاکەکەسی کورتخایەن."