نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئاستێکی نوێی مێژوویی لە بەرزبوونەوە تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمار کرد و تاوەکو نزیکەی 2670 دۆلار بەرزبووەوە، ئێستا بە 2660 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە و پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەژمار دەکرێن.
 
داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدەن، متمانەی بەکارهێنەران لە ئەمریکا لە مانگی ئەیلوول دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی لە ساڵی 2021 بەدواوە، ئەوەش بووەتە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
پەرەسەندنەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە لایەکی دیکەوە خواستی بۆ کڕینی زێڕ وەکو پەناگەیەکی ئارامی وەبەرهێنان، بەرز کردووەتەوە.
 
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە، کە بە پێنوێنی دۆلار دەپێورێت، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە متمانەی بەکارهێنەران لە ئەمریکا بە رێژەی 0.42% دابەزی بۆ 100.48، کە نزمترین ئاستیەتی لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا.
 
بەپێی کریستین بۆرجۆن، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی (ئێف ئێکس ستریت)، بازرگانانی زێڕ ئێستا چاویان لەوەیە کە زێر ئاستی 2700 دۆلار بەدەست بهێنێت.