یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە زیاتر لە 75 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

هاندانە ئابوورییەکانی چین، گەورەترین کاریگەرییان لەسەر بازاڕی نەوت داناوە و نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بەهۆی گەشبینی بە بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا، لە رۆژی سێشەممەوە بەرزبووەوە بۆ سەرووی 75 دۆلار.
 
نرخی نەوتی برێنت لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ چوارشەممە بە 75 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە 71 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی سێشەممە، بانکی ناوەندیی چین کۆمەڵێک هاندانی ئابووریی راگەیاند، لەنێویاندا کەمکردنەوەی سوودی بانکی، بەو هۆیەشەوە نرخی نەوت بە ریژەی 1.7% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخەکانی نەوت بە زۆری بە جێگیری ماونەتەوە.
 
ئامارەکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، لە لایەکی دیکەوە پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.
 
پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا دەڵێت، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو 4.34 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە.
 
پەرەسەندنی شەڕیش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیگەرانی دروستکردووە لە پچڕانی رێڕەوی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکەدا.