تورکیا و ئەمریکا رێککەوتنی گازی سرووشتییان واژۆ کرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، تورکیا و ئەمریکا رێککەوتنی گازی سرووشتییان واژۆ کردووە و لەم زستانەوە دەست بە بەکارهێنانی دەکرێت و تاوەکو ساڵی 2045 بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، ئالپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، رێککەوتنێکی گازی سرووشتی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کراوە و لەم زستانەوە ئەو گازە بەکاردەهێندرێت. رێککەوتنەکە تاوەکو ساڵی 2045 بەردەوام دەبێت.
بایراکتار، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن تورک، گوتی: "رێککەوتنی گازی شل 'LNG' ئاسایشی وزەمان بەهێزتر دەکات. لەگەڵ ئەم رێککەوتنە درێژخایەنەدا کە بە نرخی زۆر کێبڕکێکارانە ئەنجاممان داون، ئامانجمان ئەوەیە تورکیا بکەینە وڵاتێکی ناوەندی لە بواری وزەدا و هاوکات ئاسایشی وزەی ناوچەکەشمان بەهێزتر بکەین."
سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی، بایراکتار گوتی، "ئامانجمانە هاوکاری بکەین بۆ دامەزراندنی وێستگەی وزەی ئەتۆمی.
دوای کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی، بایراکتار، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە. "بەشداریمان کرد لەو کۆبوونەوەیەی کە لە کۆشکی سپی لەنێوان بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەڕێز دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچوو. قۆناخێکی نوێمان دەستپێکردووە کە هاوبەشیی قووڵ و فرەلایەنی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە بواری وزەی ئەتۆمیدا قووڵتر دەکاتەوە."
هەروەها نووسیویەتی: "دوای کۆبوونەوەکە، لەگەڵ بەڕێز مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەبەردەم سەرکردەکاندا، یاداشتی لێکتێگەیشتنی ستراتیژیی هاوکاریی ئەتۆمیی مەدەنیمان واژۆ کرد. هیوادارم ئەو کارانەی لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا ئەنجام دەدرێن، لە داهاتوودا سوودی دوولایەنەیان بۆ هەردوو وڵات هەبێت."