راوێژکارێکی سوودانی: یەدەگی دراوی عێراق بەشی 12 مانگی بازرگانیی دەرەکی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی سوودانی دەڵێت، دیاریکردنی نرخی دینار بەم نرخەی ئێستا، هۆکاری سەرکەوتنی سیاسەتی نەختینەیی بووە. دەشڵێت، یەدەگی دراوی عێراق بەشی زیاتر لە 12 مانگ بازرگانیی دەرەکی دەکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی ئەیلوولی 2025، د. موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "جێگیرکردنی 1320 دینار بەرامبەر دۆلارێک هۆکاری سەرکەوتنی سیاسەتی نەختینەیی بوو، چونکە ئامانج لێی سەقامگیریی ئابووری، پاراستنی هێزی دراوی نیشتمانی و کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان بوو."
 
لەبارەی مامەڵەکردنی بانکی ناوەندیی و حکومەتی عێراق بە دراوە بیانییەکان جگە لە دۆلار، ئەو راوێژکارەی سوودانی گوتی، "ئەوە ئامانجێکە بانکی ناوەندی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ گەورەترین بانکە نێودەوڵەتییەکان کاری لەسەر دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی رێکارەکانی هاریکاریی بازرگانی و ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتییەکانی دراوە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، سەرەتای مانگی ئایاری ئەم ساڵ، یەدەگی دراوی بیانیی بانکەکە، 96.99 ملیار دۆلار بووە، کە دەکاتە 126.098 ترلیۆن دینار.
 
سەبارەت بە بڕی یەدەگی دراوی بیانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا بڕەکە نزیکەی 100 ملیار دۆلارە، ئەو بڕە یەدەگە بەشی بۆ ماوەی "زیاتر لە 12 مانگ" خەرجیی هاوردەکردن و بازرگانیی دەرەکیی کەرتی گشتی و تایبەتی عێراق دەکات.
 
د. موزهر دەڵێت، "بەرزبوونەوەی یان دابەزینی بڕی یەدەگەکە، پەیوەست دەبێت بە داهات و خەرجییەکانی حکومەت."
 
راوێژکارەکەی سوودانی، بڕی یەدەگی زێڕی عێراقی بە نزیکەی 163 تۆن خەمڵاند.
 
جگە لە زێڕ؛ زۆرترین بڕی دراوە یەدەگەکانی عێراق، دۆلار یۆرۆ، یەن، یوان و تمەنن.