فوئاد حوسێن: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئیمارات 38% گەشەی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئیمارات 38٪ گەشەی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 39.3 ملیار دۆلار. وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش رایگەیاند: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەردانی وڵاتەکەی دەکات.
 
راگەیاندنی ئەو ئامارە لەسەر قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە کۆبوونەوەی نێوان فوئاد حوسێن و خەلیفە شاهین ئەلمەڕەر، وەزیری دەرەوەی ئیمارات بوو کە لە پەراوێزی 80یەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێنجشەممە، 25ی ئەیلوول لە نیویۆرک ئەنجامدراوە.
 
فوئاد حوسێن، کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزارییە بۆ ئابووری، جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی کاراکردنی ئەنجامی لیژنەی هاوبەشی نێوانیان و بەستنی کۆبوونەوەی لیژنەی دۆستایەتی پەرلەمانی عێراق و ئیمارات، ئەوە جگە لە زیادکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنیی هاوبەش و تاوتوێکردنی ئاسانکردنی رێکارەکانی گەشتکردنی هاووڵاتییانی عێراق بۆ ئیمارات.
 
بە گوێرەی راگەیێنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئیمارات باسی سەردانێکی چاوەڕوانکراوی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردبوو بۆ وڵاتەکەی.
 
خەلیفە شاهین ئەلمەڕەر هیوای خواستووە پێشکەوتن بەدەستبێت بەرەو واژۆکردنی رێککەوتنی هاوبەشی ئابووریی گشتگیر، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی وەبەرهێنانەکان و فراوانکردنی دەرفەتەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.