نرخی زێڕ پێوانەی نوێی تۆمار کرد؛ یەک مسقاڵ عەیاری 21 گەیشتە 765 هەزار دینار
رووداو دیجیتاڵ
نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو و بە 765 هەزار دینارە. هەروەها عەیاری 22 ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار 800 هەزار دیناری تێپەڕاند.
دانا وەرتی، زێڕینگەر لە شاری هەولێر، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 22 بە 802 هەزار دینارە، هەروەها عەیاری 18 بە 655 هەزار دینارە".
دوێنێ لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا، مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 بە 655 هەزار دینار بوو.
دانا وەرتی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو نرخە نرخی فرۆشتنە بە بێ هەقدەست و نرخی کڕینەوەش لەلایەن زێڕنگرانەوە هەر مسقاڵێک 8 بۆ 13 هەزار دینار کەمتر لە نرخی فرۆشتنە.
دوای نیوەڕۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 3 هەزار و 757 دۆلار، لەکاتێکدا بەیانی ئەمڕۆ بە نزیکەی 3 هەزار و 730 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا.
ئیلیا سپیڤاک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (تەیستی لایف) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەر بەرزترین ئاستی نرخی زێڕ کە 3790 دۆلارە بشكێت کە بەهێزترین هێڵی بەرگرییە، نرخی زێڕ دەگاتە 3870 و 3875 دۆلار".
بڕیارە سبەی هەینی، کۆمەڵێک داتای ئابووریی ئەمریکا پەیوەست بە خەرجیی بەکارهێنەران بڵاودەبنەوە کە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێن.