زانیاریی رووداو: شەممە کاژێر 06:00ی بەیانی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە راگیرانی، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە. رووداو زانیاریی نەبیستراو لەبارەی وادە و شێوازی پڕۆسەی هەناردەکردنەوەکە ئاشکرا دەکات.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنەکەی بە "مێژوویی" وەسف کرد و گوتی، "18 ساڵ بوو چاوەڕێى ئەو دەستکەوتە بووین." سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "بەربەستێکی گەورە" لە بەردەم دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەلکی کوردستان هەڵگیراوە.
 
رووداو لە زاری دوو سەرچاوەی باڵای حکومەتی عێراقەوە ئاشکرای دەکات، رۆژی شەممە، کاژێر شەشی بەیانی هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە و، وەکو قۆناخی یەکەم رۆژانە 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت.
 
رووداو زانیویەتی، رێککەوتنەکە لە ساڵی نوێوە مانگانە نوێ دەکرێتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی راوێژکاری، تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاری دەکات.
 
سوودانی: دوای 18 ساڵ گەیشتینە رێککەوتن
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ى ئەیلوولى 2025، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕى ئێکس رایگەیاند، "گەیشتینە رێککەوتنێکى مێژوویی کە بەگوێرەى رێککەوتنەکە وەزارەتى نەوتى فیدڕاڵ، نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان وەردەگرێت و لە رێگەى بۆریى عێراق-تورکیاوە  هەناردە دەکرێت".
  
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، ئەو هەنگاوە گەرەنتى دابەشکردنێکى دادوەرانەى سامان و فرەچەشنکردنى رێگەکانى هەناردەکردن دەکات و هانى وەبەرهێنان دەدات.
 
سوودانى گوتیشی، "18 ساڵ بوو چاوەڕێى ئەو دەستکەوتە بووین." 
 
زانیاریی رووداو: رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە لە ساڵی نوێوە مانگانە نوێ دەکرێتەوە
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەی باڵای حکومەتی عێراقەوە دەستیکەوتووە، کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 240 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، وەکو گوژمەی یەکەم، رۆژانە 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان دەبێت، دواتر بەگوێرەی زیادبوونی بەرهەمهێنان، رێژەی هەناردەش زیاد دەکرێت.
 
بەگوێرەى رێککەوتنى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بڕى 16 دۆلار بۆ تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاریکراوە کە بدرێتە کۆمپانیاکانى نەوت، بەڵام لەبرى پارە نەوتیان بە نرخى رۆژ پێدەدرێت.
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵە، "بەڵام هەناردەکردن راناگیرێت و لە ساڵی نوێدا مانگانە رێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە، تاوەکو کۆمپانیا راوێژکارییەکە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت لە کێڵگەکان دیاری دەکات."
 
مەسرور بارزانی: بەربەستێکی گەورە لە بەردەم دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان هەڵگیرا
 
هەر ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵی و کۆمپانیای سۆمۆ، دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە. بەم هەنگاوە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە."
 
مەسرور بارزانی دەشڵێت، "دەستخۆشی لە هەموو لایەک و بەتایبەتی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەم، کە لەم رۆژە مێژووییەدا بەربەستێکی گەورەیان لە بەردەم دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەلکی کوردستان هەڵگرت و بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، جەخت لە جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە."
 
'دوای دیاری کردنی تێچووی بەرهەمهێنان، رێککەوتنەکە دەبێتە هەمیشەیی'
ئەو دوو سەرچاوەیەی رووداو رایانگەیاند، "کۆمپانیا راوێژکارییەکە کۆمپانیای وود مەکێنزی بەریتانییە و بەم نزیکانە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ دەکات."
 
ئاماژەیان بەوەش کرد، "دوای دیاری کردنی تێچووی بەرهەمهێنان لەلایەن وود مەکێنزییەوە، هەمان رێککەوتنی ئێستا دەبێتە هەمیشەیی و هەناردەکردن بەردەوام دەبێت."
 
وەزارەتی نەوتی عێراق: رێککەوتنەکە شەفافیەت لە داهاتەکانی نەوتدا بەدی دەهێنێت
 
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ رادەستکردن و هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان  لەرێگەى کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، جگە لەو بەشەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، "کۆمپانیای سۆمۆ ئەرکی هەناردەکردنی نەوتەکە لە  ئەستۆ دەگرێت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان و ئەوەش بە رێکارە کارپێکراوەکان و دەستوور و دەقە یاساییەکانی نێو یاسای بودجەی گشتی و بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵییەوە دەبێت."
 
وەزارەتی نەوت دەڵێت، "ئەو رێککەوتنە بەرهەمی هەوڵی چڕ و دانوستاندنی بەردەوامى چەند مانگی رابردوو بووە  لەبەرمەبنای تێڕوانینێکی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی رۆڵی عێراق وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لە بازاڕی وزەی جیهان."
 
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەداوە، رێککەوتنەکە میکانیزمی تەکنیکی و رێکخستنی روونی تێدایە کە هەناردەکردنی نەوت رێکدەخات و شەفافیەت بەدی دەهێنێت لە داهاتەکانی نەوت، بەشێوەیەک کە پاڵپشت بێت بۆ دارایی گشتیی وڵات و زیادبوونی پارەى بودجە، کە ئەوەش کاریگەرى ئەرێنی دەبێت لەسەر تواناى حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانەکان و دەستەبەرکردنی بنەماکانی سەقامگیریی ئابووری عێراق.
 
زانیاریی رووداو: شەممە کاژێر 06:00ی بەیانی هەناردەکردنەوە دەستپێدەکات
 
دوو سەرچاوەکەی رووداو دووپاتیان کردەوە، سەرپەرشتیکردنی کێڵگەکان لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە دەبێت، "بەڵام هەناردەکردن و فرۆشتن لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای سۆمۆوە دەبێت."
 
هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە رووداو لەو دوو سەرچاوە باڵایەی حکومەتی عێراق دەستی کەوتووە، رۆژی شەممە کاژێر 06:00ی بەیانی، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: لە 48 کاژێری داهاتوو نەوت هەناردە دەکرێتەوە
 
وەزارەتی  سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، "وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، پاش رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم رێککەوتن.
 
وەزارەتەکە دەشڵێت، "لە ماوەی ئەم 48 کاژێرەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت."
 
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز: رێککەوتنەکە گرفتی مووچە چارە دەکات
 
هەر ئەمڕۆ، باسم غرێباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشوازی لە رێککەوتنەکە دەکەین، ئەگەر هەردوو حکومەت بەتەواوی پێوەی پابەندبن ئەوا کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت."
 
باسم غرێباوی گوتیشی، "جگە لە هەناردەکردنەوەی نەوت، بابەتی داهاتی نانەوتیش هەیە؛ حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی کاتی بە 120 ملیار دینار رازی بووە، تاوەکو هەردوولا دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی."