ئەمریکا پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
واشنتن دەڵێت، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هاوبەشیی ئابووریی ئەمریکا و عێراق "بەهێزتر دەکات".
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت: "پێشوازی لە راگەیاندنی ئەو رێککەوتنە دەکەین کە لەنێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا کراوە بۆ وەگەڕخستنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا؛ رێککەوتنێک کە ئەمریکا ئاسانکاریی بۆ کردووە و سوودی بەرچاوی بۆ ئەمریکی و عێراقییەکانیش دەبێت".
روبیۆ هەروەها دەڵێت: "ستایشی هەوڵە یەکلاکەرەوەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عێراق، هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە ئەم پێشکەوتنەیان بەدیهێنا."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە "ئەم رێککەوتنە هاوبەشیی ئابووریی نێوان ئەمریکا و عێراق بەهێزتر دەکات کە بۆ هەردوو لا سوودی هەیە، هانی ژینگەیەکی سەقامگیرتری وەبەرهێنان لە سەرتاسەری عێراقدا دەدات بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، ئاسایشی وزەی هەرێمی پتەوتر دەکات و سەروەریی عێراق بەهێز دەکاتەوە."
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە وەستانی، هەولێر و بەغدا ئەم هەفتەیە رێککەوتن هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کاژێر شەشی بەیانیی رۆژی شەممە، رۆیشتنی نەوت بە بۆریەکدا دەست پێدەکاتەوە.
دوو سەرچاوەی باڵای حکومەتی عێراق نێوەڕۆکی رێککەوتنەکەیان بۆ رووداو ئاشکرا کرد. بە گوتەی ئەوان، ئێستا رۆژانە 240 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت.
وەک سەرەتا، رۆژانە 190 هەزار بەرمیل لە لایەن سۆمۆوە هەناردە دەکرێت و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان دەبێت، دواتر بەگوێرەی زیادبوونی بەرهەمهێنان، رێژەی هەناردەش زیاد دەکرێت.
بە پێی رێککەوتن، لە بەرامبەر هەر بەرمیل نەوتێک، 16 دۆلار وەک تێچووى دەرهێنان و گواستنەوە بە کۆمپانیاکان بۆ کۆمپانیاکان دەبێت.
بەڵام هەقدەستەکە بە پارە پێیان نادرێت، بەڵکو بە بەهای رۆژانەی ئەو پارەیە، نەوتیان پێ دەدرێت.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵە، "بەڵام هەناردەکردن راناگیرێت و لە ساڵی نوێدا مانگانە رێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە،" تاوەکو کۆمپانیایەکی راوێژکاری، وردبینی دەکات و خەمڵاندنی ورد بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەکلا دەکاتەوە.