بەڕێوەبەری سۆمۆ بۆ رووداو: رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان درێژدەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێ، هەرسێ لایەنی رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڕیاریانداوە کە رێککەوتنە واژۆکراوەکە تاوەکو سێ مانگی دیکە نوێ بکرێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2025، عەلی نزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر سێ لایەنی حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت رێککەوتوون لەسەر ئەوەی رێککەوتنە واژۆکراوەکەی نێوانیان تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان درێژ بکرێتەوە.
 
بەڕێوەبەری سۆمۆ گوتی: "رێککەوتنەکە تاوەکو 31ی ئاداری 2026 درێژ دەکرێتەوە."
 
22ى ئەیلوول، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت رێککەوتنێکى سێ قۆڵییان واژۆ کرد بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان.
 
رێککەوتنەکە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بوو.
 
بە گوێرەى رێککەوتنى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بڕى 16 دۆلار بۆ تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاریکراوە کە بدرێتە کۆمپانیاکانى نەوت، بەڵام لەبرى پارە نەوتیان بە نرخى رۆژ پێدەدرێ تاوەکو کۆمپانیایەکی راوێژکاری بابەتەکە یەکلایی دەکاتەوە.
 
لە کۆتاییەکانی ئاداری 2023ەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل.