خاوەن کۆمپانیایەکی خانووبەرە: 2025 باشترین ساڵی زەوی بوو لە پێنج ساڵی رابردوودا
رووداو دیجیتاڵ
خاوەن کۆمپانیایەکی خانووبەرە دەڵێ، ئەم ساڵ بۆ بازاڕی خانووبەرە و زەوی باش بووە و پێشبینیی گەشەی زیاتریش لە ساڵی داهاتوودا دەکات.
بەپێی ئامارێک کە رووداو لە گرووپی کۆمپانیاکانی میران بۆ کەرتی خانووبەرە دەستیکەوتووە، ئەم ساڵ 22 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەولێر یەکەکانیان رادەستی کڕیاران کردووە کە 17ـیان شوقە و 5ەکەی دیکەیان پڕۆژەی خانوو بوون.
لەو 22 پڕۆژەیەدا 11 هەزار و 108 یەکەی نیشتەجێبوون رادەستکراون، کە 9 هەزار و 79ـیان شوقە و 2 هەزار و 29ـیان خانوو بوون.
هەر بەپێی داتاکانی کۆمپانیاکە، 17 پڕۆژەی دیکەش هاتوونەتە نێو بازاڕی خانووبەرەوە کە 11ـیان شووقە و 6یان خانوو بوون.
لەو 17 پڕۆژەیەدا 16 هەزار و 740 یەکەی نیشتەجێبوون هەن کە 14 هەزار و 185ـیان شوقە و 2 هەزار و 555ـیان خانوون.
میران سەفینی، شارەزا و خاوەن کۆمپانیای خانووبەرە لە هەولێر گوتی، ئەم ساڵ بۆ بازاڕی خانووبەرە "باش و سەرکەوتوو بوو، کڕین و فرۆشتنێکی زۆرباش کرا؛ متمانەیەکی باشتر گەڕاوەتەوە نێو بازاڕی خانووبەرە، بەتایبەتی زەوی".
ئەو شارەزایە دەڵێ، "دەتوانین بڵێین خەڵکێکی زۆر لە مامەڵەی زەوی دا قازانجی کرد و متمانە دروستبووەوە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی خزمەتگوزارییەوە؛" ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ باشترین ساڵی زەوی بووە لە پێنج ساڵی رابردوودا.
بە گوتەی میران سەفینی، دابینکردنی خزمەتگوزاری وایکردووە سەرنجی بازاڕ بگەڕێتەوە سەر کەرتی خانووبەرە، بەتایبەتی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاو و پشتێنەی سەوزایی؛ گوتیشی، باج لەسەر زەوی و خانووبەرە لە 3٪ـەوە بۆ 1٪ کەمبووەتەوە.
میران سەفینی گوتی، سەرەڕای ئەوەش، پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەولێر هەیە کە تەواوبوونی یەکەکان و رادەستکردنیان دواکەوتووە، هەروەها پڕۆژەی وەها هەیە کە کواڵیتیی پڕۆژەکەی خراپە و بازاڕی نەبووە.
بە گوتەی ئەو شارەزایە، نرخی بەشێک لە خانووبەرە "ساختەیە" و ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت خەڵک لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە خزمەتگوزارییان بۆ نەچووە.
میران سەفینی رایگەیاند، هەندێک شوێن لە هەولێر هەن کە خزمەتگوزارییان بۆ نەچووە و پێدەچێت بەم نزیکانەش بۆیان دابین نەکرێ، بەڵام نرخی زەوی تێیاندا 100٪ بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا بە هەموو پێوەرێک نەدەبوو 20٪ بۆ 50٪ زیاتر گران بێت.
ئەو شارەزایە باس لەوە دەکات، لە شوێنی لەو جۆرە "زەوی هەبووە پێشتر بە 3 هەزار دۆلار بۆ 3 هەزار و 500 دۆلار بووە، بەڵام ئێستا بە زیاتر لە 11 هەزار دۆلارە".
خاوەن کۆمپانیاکەی خانووبەرە ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەولێر "کورتهێنان لە یەکەی نیشتەجێبوون هەیە. ساڵانە 12 هەزار بۆ 13 هەزار خێزان زیاد دەبن، جگە لەوەی خەڵکێکی زیاتریش لە دەوروبەری هەلێرەوە دێنە نێو شار، لە بەرامبەردا یەکەی نیشتەجێبوون بەو ئاستە زیاد نابێت".
میران سەفینی دەڵێ، بەشێکی ئەو پارەیەی ئەم ساڵ هاتووەتە نێو بازاڕی خانووبەرە، پارەی ئەو کەسانە بووە کە "پێشتر لەنێو فۆرێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان بووە و زەرەریان کردووە، ئێستا گەڕاونەتەوە نێو خانووبەرە".
ئەو شارەزایە گوتیشی، راستە رەنگە کەسانێک لەبری خانووبەرە، زێڕ بکڕن، بەڵام "خانووبەرە گۆڕستانە و دواجار دەبێت هەمووان بێنەوە ناوی".
میران سەفینی هۆشداری لە دابەزاندنی ناڕێکخراوی نرخیش دەدات و داوا دەکات حکومەت لیژنەیەکی پسپۆڕ بۆ رێکخستنەوەی نرخ و دیزاین و پاراستنی شوناسی کوردی پێکبهێنێت.
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوە کرد، "لە هەولێر پڕۆژەی زۆر سەرکەوتوو هەن کە بەهۆی جوانیی دیزاین و کواڵیتییانەوە بوونەتە جێی سەرنجی هاونیشتمانییان، بەڵام لە بەرامبەردا هەندێک پڕۆژە هەن هەرچەندە کواڵیتییان باشە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە سەرەتادا بەبێ راوێژی کەسانی شارەزا بە نرخێکی گران فرۆشراون، ئێستا نرخەکەیان دەشکێت."
شارەزاکە دەڵێت: "هەر کۆمپانیایەک پەنا بۆ هێنانەخوارەوەی نرخ ببات، شکست بۆ خۆی تۆمار دەکات. ترسی من لە هەندێک کۆمپانیای گەورەیە کە بە شکاندنی نرخ زیان بە پڕۆژەکانی دەوروبەری خۆیان و ئەو کەسانەش دەگەیێنن کە وەبەرهێنانیان تێدا کردووە."
سەبارەت بە ئایندەی خانووبەرە، ئەو خاوەن کۆمپانیایە پێشبینی دەکات ساڵی 2026 کەرتی خانووبەرە گەشەکردنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە لە 3 بۆ 4 ساڵی رابردوودا گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ زەوییەکان بەردەوام بووە، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ئەوەی "بازاڕی زەوی بە شێوەیەکی واقیعی بەرزبێتەوە و گەشە بکات."
میران سەفینی داوا لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی داهاتوودا دەکات لیژنەیەکی تایبەت لە کەسانی شارەزا و ئەزمووندار (نەوەک تەنیا کەسانی بەتەمەن) پێکبهێنن بۆ چاودێریکردنی چەند خاڵێکی سەرەکی:
1- رێکخستنی نرخ: بۆ ئەوەی نرخ بە شێوەیەکی زانستی دیاری بکرێ
2- دیزاین و شوناس: جەخت لەسەر دیزاینی کوردی بکرێتەوە و ناوی پڕۆژەکان لە ئینگلیزی و بیانییەوە بگۆڕدرێن بۆ کوردی. سەفینی دەڵێت: "ئێمە لیستێکی درێژمان لە ناوی جوان هەیە کە دەکرێ ناوی پڕۆژەکانیانی پێ بنرێت."
3- پاراستنی ماف: لیژنەکە مافی وەبەرهێنەر بپارێزێت لە وەرگرتنی قیستەکان و رێگری بکات لە رێکلامی نابەرپرسانە، لە هەمان کاتدا مافی کڕیارانیش بپارێزێت.
لە کۆتایی دا، میران سەفینی گوتی، کەرتی خانووبەرە لە هەولێر لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی پیشەییانەتر و چاودێریی وردی حکومەتە بۆ ئەوەی متمانەی وەبەرهێنەران و هاونیشتمانیان بەردەوام بێت.