پەیامنێری رووداو لە دیمەشق: هەندێک دووکان و دامەزراوە لیرەی هەزاری و دوو هەزاری لە هاووڵاتییان وەرناگرن
رووداو دیجیتاڵ
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دیمەشق دەڵێ، هەندێک دووکان و دامەزراوە لیرەی هەزاری و دوو هەزاری لە هاووڵاتییان وەرناگرن. بانکی ناوەندیی سووریاش دەڵێ، کارکردن بە لیرەی هەزاری و دوو هەزاری بەردەوامە.
بانکی ناوەندیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ، هیچ بڕیارێکی فەرمی لەبارەی رەتکردنەوەی لیرەی هەزاری و دوو هەزاری نییە.
بانکی ناوەندیی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئامادەکاریی چڕوپڕ لە ئارادایە بۆ پرۆسەی گۆڕینی دراو"، بەڵام داوای کردووە هیچ لایەنێک بە ویستی خۆی و پێش بڕیاری فەرمی، رێکاری تایبەت نەگرێتەبەر.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیاری وەرگرتن یان وەرنەگرتنی هەر جۆرە دراوێک تەنیا لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەموو ئەو دراوانەی ئێستا لە بازاڕ دەستاودەستیان پێدەکرێ، خەسڵەتی یاساییان هەیە و کاریان پێدەکرێ" تاوەکو ئەو کاتەی بە مەرسوومێکی فەرمی کە لە میدیاکانەوە رادەگەیێندرێ، بڕیاری پێچەوانە دەردەچێ.
بانکی ناوەندیی سووریا داوای لە هەموو دامەزراوە داراییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، پابەندی رێنماییە فەرمییەکان بن و هاوکار بن بۆ ئەوەی هیچ جۆرە ئاڵۆزی و شڵەژانێک لە مامەڵە نەختینەییەکانی بازاڕدا دروست نەبێت.
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لە دیمەشق دەڵێ، ماوەیەکە هەندێک دووکان و دامەزراوە لە نێوخۆی سووریا رەتیدەکەنەوە لیرەی هەزاری و دوو هەزاری لە هاووڵاتییان وەربگرن و تەنیا لیرەی پێنج هەزاری وەردەگرن.
وەک پەیامنێری رووداو دەڵێ، بەهۆی دابەزینی نرخی لیرەی سوورییەوە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی کە ئێستا هەر دۆلارێک بە 11 هەزار و 300 لیرەیە، مامەڵەکردن بە یەکە بچووکەکانی دراوەکە قورس بووە.
ڤیڤیان فەتاح دەڵێ، بۆ نموونە، گۆڕینەوەی 100 دۆلار پێویستی بە یەک ملیۆن و 130 هەزار لیرەیە کە ئەگەر بە یەکەی هەزاری بێت، بڕێکی زۆر لە کاخەزی دراو دەکات، هەر ئەمەش وایکردووە خەڵک زیاتر ئارەزووی بەکارهێنانی لیرەی پێنج هەزاری بکەن، بەڵام ئەمە بە واتای نەمانی یەکەکانی دیکەی دراوەکە نایەت.
سەبارەت بە چاپکردنی دراوی نوێ و گۆڕینی لیرەی ئێستا، بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی سووریا رایانگەیاندووە، هیچ پلانێکی دەستبەجێ بۆ کێشانەوەی ئەو دراوانە لە بازاڕ نییە.
ڤیڤیان فەتاح دەڵێ، هەر بڕیارێکی لەو شێوەیە دەبێت بە فەرمی رابگەیێندرێ و پڕۆسەکەش بە چەند قۆناخێک دەبێ کە لانیکەم 3 مانگ بۆ ساڵێکی پێویستە تاوەکو دراوە کۆنەکان کۆبکرێنەوە و دراوی نوێ بخرێتە بازاڕەوە.