ئیماراتییەكان لە دەرگای كوردستانەوە دەچنە نێو بازاڕەكانی عێراق

رووداو - هەولێر

بەپێی راپۆرتێك كە هەفتەی رابردوو بڵاوبووەوە، هەرێمی كوردستان دەرگای بازاڕەكانی عێراق بەڕووی كۆمپانیاكانی ئیماراتدا دەكاتەوە بۆ ئەوەی لە بواری وزە، بیناسازی و گەشتوگوزار لە هەموو عێراقدا كاربكەن.

راپۆرتەكە كە لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی دوبەیەوە سەرپەرشتی كراوە و یەكەی زانیاری ئابووری كاری لەسەر كردووە، دەڵێت: "بۆ كۆمپانیاكانی ئیمارات هەرێمی كوردستانی عێراق ناوچەیەكی سەقامگیر و دەرگایەكە بۆ هەموو بەشەكانی دیكەی عێراق".

بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكەدا هاوكاتە لەگەڵ چوونی شاندێكی بازرگانی پایەبەرزی ئیماراتی بۆ هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دوبەی.

بەپێی راپۆرتەكە، كوردستان لە بەشەكانی دیكەی عێراق كراوەترە و هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی چالاكانە كار لەسەر بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندی كۆمپانیا بیانییەكان دەكات "گەشەسەندنی ئابووری هەرێمەكە بەهێزە و وەبەرهێنان لە بواری نەوت و غازدا زیاتر بەرەوپێش دەبرێت".

بەشداریی ئیمارات لە پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستاندا لە چەند ساڵی رابردوودا گەشەی بەخۆوە بینیوە، بە تایبەتی لە بواری بیناسازی و لۆجستیكدا. پارێزگای هەولێر بە تایبەتی گەشەسەندنی بیناسازی زۆری بەخۆوە بینیوە و نازناوی "دوبەیی عێراق"ی بۆخۆی مسۆگەر كردووە. وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، هەولێر خوازیارە ببێتە پێگەیەكی گرنگ لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی لە رێگەی راكێشانی گەشەسەندنی ئابوورییەوە لە رێی فڕۆكەخانەكەیەوە كە لە 2010دا كرایەوە.

راپۆرتەكە دەڵێت لایەنە باشەكانی كوردستان بریتین لە سەقامگیری، بەرەوپێشچوونی ژێرخان، هەڵوێستی باش بەرامبەر بە وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی و بوونی پەیوەندی بەهێزی ئابووری لەگەڵ توركیا. راپۆرتەكە هەروەها دەڵێت جگە لەبواری نەوت، هەولێر جەخت دەكاتە سەر پەرەپێدانی ناوچەی بازرگانیی ئازاد، توریزم، پیشەسازی سووك و كشتوكاڵ.

هەروەها رێژەیەكی باش لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی بۆ ئاراستەی خانووبەرە و نوێكردنەوەی ژێرخانی خانووبەرە تەرخانكراوە. گەشەیەكی باشی بواری خانووبەرە و نیشتەجێبوون لە لایەن كۆمپانیا توركی و لوبنانیەكانەوە هاتووەتە ئارا و بەم دواییەش كۆمپانیایەكی ئیماراتی بە ناوی ترۆجانس كۆنسترەكشن پڕۆژەیەكی بیناسازی سێ ساڵەیی گرتووەتە ئەستۆ.

مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو كۆمپانیای ئەلئیعماری دوبەی پڕۆژەی سێ ملیار دۆلاریی "داون تاون ئەربیل"ی دەستپێكرد. ئەو پرۆژەیە نزیكەی 35 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێ و بە تەواوبوونی شێوەی شاری هەولێر دەگۆڕێت.

چەندین كۆمپانیای دیكەی ئیمارات لە چەند بوارێكدا لە هەرێمی كوردستان چالاكن، لەوانە دانا گاز، رۆتانا، ماجد ئەلفوتەیم و كۆمپانیای وزەی نەتەوەیی ئەبوزەبی.

هەروەها كەرتی بانكیش لە گەشەسەندندایە و بانكە بیانییەكان، بەتایبەتی بانكە توركی و لوبنانییەكان و هەروەها بانكی HSBC و ستاندەرد چارتەرد لە هەرێمی كوردستاندا وەبەرهێنانیان دەستپێكردووە.

پیشەسازی، بە تایبەتی پیشەسازی كەرتی نەوت و غاز 22%ی بەرهەمی ناوخۆیی (جی دی پی) پێكدەهێنێت، بەڵام پیشەسازییە سووكەكانی وەكو لە قوتوونان و كەرەستەی بیناسازی و خواردنەوە سووكەكان سەرنجی هەندێك لە كۆمپانیا بیانییەكانی ئەو بوارەی راكێشاوە، لە نێویشیاندا كۆمپانیای پێپسی و كۆكا كۆلا.

لە هەمانكاتدا، گەشتوگوزار 19%ی بەرهەمی ناوخۆیی پێكدەهێنێت. لە 2010دا یەك ملیۆن و 300 هەزار گەشتیار سەردانی كوردستانیان كردووە كە 20 هەزار لەوانە لە دەرەوەی عێراقەوە هاتوون. راپۆرتەكە دەڵێت رۆژئاواییەكان زیاتر بۆ مەبەستی بازرگانی سەردانی كوردستان دەكەن، بەڵام گەشتیارانی توركی و ئێرانی بۆ بینینی سروشتی كوردستان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

دەربارەی عێراق بە گشتی، راپۆرتەكە دەڵێت عێراق بووە بە یەكێك لە دیارترین هاوكاری بازرگانی ئیماراتی و دووەم گەورەترین بازاڕە بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی هاوردەكانی ئیمارات. ئامارەكانی ئیمارات قەبارەی بازرگانی نێوان ئیمارات و عێراق بە 8 ملیار دۆلار لە ساڵی 2012دا دەخەمڵێنن.

راپۆرتەكە دەڵێت، بازرگانی دوولایەنە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بە تایبەتی دوای كردنەوەی هێڵی ئاسمانی كارگۆی نێوان بەسرە و دوبەی زیادی كردووە، كە بە هۆیەوە پێداویستی ئامێری كۆمپانیا نەوتیەكان و پێداویستی خواردەمەنی دەگوازرێتەوە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە "عێراق لە پێنج ساڵی دادێ دەبێتە یەكێك لە خێراترین گەشەی ئابووری لە جیهاندا. بەڵام وەكو هەر بازاڕێكی دیكەی ناسەقامگیر، درێژەپێدانی ئەو دۆخە پڕ لە كۆسپ و تەگەرە دەبێت."