رۆژانە پێنج هەزار گەشتیار روودەکەنە چیای کۆڕەک لە سۆران

رووداو - سۆران

لە ساڵی 2013ـەوە لە باشووری کوردستان هەوڵەکان بۆ بونیاتنانی بنەمای کەرتی گەشتیاری زستانە دەستیانپێکرد، کەرتی تایبەت و پڕۆژەی گەشتیاری تایبەت بە زستان بوونە هۆکاری ئەوەی 85 کۆمپانیای گەشتیاری گرێبەستی هێنانی گەشتیار لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار بکەن. ئەو کۆمپانیایانە رۆژانە لە خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە گەشتیار دەهێننە کوردستان.

نەشمە عەدنان، کارمەندی کۆمپانیای گەشتیاری دەڵێت "ئێمە لە شارەکانی بەغدا، بەسرە و چەند شارێکی دیکەی عێراقەوە گەشتیار دەهێنین. لەم وەرزەدا زیاتر بۆ چیای کۆڕەک و شنگلبانە لە رواندز، رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار گەشتیار لەڕێگەی کۆمپانیەکەی ئێمەوە دەگەنە کۆڕەک".

بەرزی چیای کۆڕەک لە ئاستی رووی دەریاوە دوو هەزار و 607 مەترە، 35 کابینەی تەلەفریکی بە بەرزی 75 مەتر زیاتر لە سێ هەزار و 650 مەتر دەڕۆن. لە کاژێرێکدا 350 گەشتیار دەگوازنەوە. 

چیای کۆڕەک گەورەترین پرۆژەی گەشتیاری زستانەیە لە باشووری کوردستان. ساڵی 2010 دەستکرا بە بونیاتنانی و مانگی ئەیلوولی 2013 پڕۆژەکە بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە.

بارزان محەممەد، بەرێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت، چیای کۆڕەکی گەشتیاری کاری کردەسەر وەرزی گەشتیاری کوردستان، بەتەنها هەتنی گەشتیاری لە بەهار و هاوین نەهێشتەوە، بەڵکو وەرزی زستان گەشتیاری زۆر رادەکێشێت. لەو وەرزەدا رۆژانە نزیکەی پێنج هەزار گەشتیار گەشت بۆ چیاکە دەکەن.