نرخی نەوتی برێنت دابەزی بۆ نزیکەی 65 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت بە دابەزین کرایەوە و نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 17 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 65 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش چەند سەنتێک دابەزی و بەرمیلێکی بە 61 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دابەزینی ئەمڕۆی نرخی نەوت لە کاتێکدایە، نرخی ئەو کاڵا ستراتیژییە لە رۆژی هەینی، لە دوایین کۆبوونەوەی بازاڕەکانی جیهان لە هەفتەی رابردوودا، بە رێژەی 2% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
نیگەرانییە جیۆسیاسییەکان بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، سەرەڕای ئەوەی کە زیادیی نەوت لە جیهاندا هەیە.
پریانکا ساجێدڤا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (فلیپ نۆڤا) لەو بارەیەوە دەڵێت، "نزیکبوونەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئاوە ئازادەکانی نزیک لە ئێران و ئەگەری هێرشی ئەو وڵاتە بۆسەر ئێران، نیگەرانیی لە پچڕانی گواستنەوەی نەوت دروستکردووە."